بڕیار لەسەر پلە بەرزكردنەوەی هەزاران كارمەندی هێزەكانی ناوخۆ دەدرێت


نەتەوە  |   11:25:28 2018-03-13  |   (2,810) جار خوێندراوەتەوە

بەھۆی کێشەیەکەوە پلە بەرزکردنەوەی زیاتر لە ٤ ھەزار کارمەندی پۆلیس دوا دەکەوێت و وەزارەتی ناوخۆش بۆ ئەو مەبەستە بڕیارێک دەردەکات.
A+    A-

 

ئەو کارمەندانەی پۆلیس لە مانگی ٩ی ٢٠١٧ دەورەیان پێ کراوە بۆ پلە بەرزکردنەوە،‌ کە پێویست بوو لە ١/١/٢٠١٨ پلە بەرزکردنەوەکەیان بۆ ئەنجام بدرایە، بەڵام بەپێی زانیارییەکان، بەھۆی دەرچوونی بڕیارێک لە وەزارەتی ناوخۆ، پلە بەرزکردنەوەکانیان راگیراوە.


له‌وباره‌یه‌وه‌ ئاواز حەمیدە فەندی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتی لەگەڵ بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکوومەت، کێشەی ئەو پۆلیسانە دراوەتە جەنابیان و ئەوانیش لای خۆیانەوە یاداشتیان کرد بۆ بەدواداچوون لەسەری، روونیشیکردەوە، ھەوڵ ھەیە کێشەی پلە بەرزکردنەوەی ئەو کەسانە چارەسەر بکرێت.


لای خۆشیه‌وه‌ سامی جەلال، بەڕێوەبەری گشتیی دیوان لە وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان بە هه‌فته‌نامه‌ی (باس)ی راگەیاند، پلە بەرزکردنەوەی ئەو پۆلیسانە تەنیا دوا دەکەوێت و رانەگیراوە.


وتیشی: "ئەو کارمەندانەی پۆلیس کە مەشق و راھێنانیان پێ کرابوو و دەورەی تایبەتیان بۆ کرابووەوە کە تایبەت بوو بە بەرزکردنەوەی پلەکانیان، بەھۆی بڕیارێکەوە بەرزکردنەوەی پلەکانیان دواکەوت، کە دەبوایە لە سەرەتای ئەمساڵ پلەکانیان بەرز کرابایەوە".


ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، بەڵام ئێمە دوای دیراسەکردنی ئەو بڕیارە و پێداچوونەوەی، بڕیارمان دا پێوەری بڕوانامەکانیان مەرج نەبێت بۆ بەرزکردنەوەی پلەکانیان و لە ١ی٧ی ٢٠١٨ پلەکانیان بۆ ببەسترێت".


لە ساڵی ٢٠١٥ ەوە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی مەدەنی راگرتووە، بەڵام بڕیارەکە فەرمانبەرانی سەربازی ناگرێتەوە.
 
















زۆرترین بینراوەکان