وەفدەکەی ھەرێم بە موچەی سێ مانگ لە بەغدا دەگەڕێتەوە


نەتەوە  |   00:13:18 2018-03-13  |   (4,451) جار خوێندراوەتەوە

بڕیاره‌ رۆژی سێشه‌ممه‌ لیژنەکەی وەزارەتی ناوخۆی ھەرێم، کە بۆ وەرگرتنی موچەی بەڕێوەبەرایەتییەکانی (رەگەزنامە، پاسپۆرت، نشینگەو کارتی زانیاری) سەردانی بەغدایان کردووە، بگەڕێتەوەو موچەی سێ مانگی ئەو چوار بەڕێوەبەرایەتییە بھێنێتەوە، بەڕێوەبەری گشتی رەگەزنامەی ھەرێم بەوەکالەتیش باس له‌ واده‌ی دابه‌شكردنی ده‌كات.
A+    A-

 

هێرش ئەحمەد بەڕێوەبەری گشتی رەگەزنامەی هەرێم بەوەكالەت، رایگەیاند: لیژنەیەك كە لەئەفسەرێكی بەڕێوەبەرایەتی گشتی رەگەزنامەو مفەوەزێك پێكهاتووە، سەردانی بەغدایان كردووە بەمەبەستی هێنانەوەی موچەی مانگەكانی (10، 11 و 12)ی 2017ی هەر چوار فەرمانگەكەی هەرێم، كە لەلایەن حكومەتی عیراقەوە بڕیاری خەرجكردنی دراوە.


ناوبراو وتیشی: "هیچ كێشەیەك لەبەڕێوەچوونی رێوشوێنەكان نییە، رەنگە رۆژی سێشه‌ممه‌ 13/3/2018 یان رۆژی چوارشه‌ممه‌ لیژنەكە بگەڕێنەوە هەرێمی كوردستان".


سەبارەت بەدابەشكردنی موچەی ئەو سێ مانگە بەسەر بەڕێوەبەرایەتییەكاندا، له‌ كۆتایی لێدوانه‌كه‌ی بۆ سایتی ئێس ئێن ئێن هێرش ئەحمەد رایگەیاند: هەر كە پارەكە گەیشت، بەهەمان میكانیزمی مانگەكانی رابردوو دابەشدەكرێت.


لای خۆشییەوە، سالار عەبدوڵا بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی رایگەیاندوه‌: چاوەڕواندەكرێت لیژنەكە ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ بگەڕێتەوە هەرێمی كوردستان و موچەی سێ مانگی بەڕێوەبەرایەتییەكانی (رەگەزنامە، پاسپۆرت، نشینگەو كارتی زانیاری) بهێننەوە.
 
















زۆرترین بینراوەکان