میز به‌خۆداكردنی منداڵ چۆن چارە دەکرێ


نەتەوە  |   21:17:47 2018-03-11  |   (411) جار خوێندراوەتەوە

کێشەی نه‌توانینی كۆنتڕۆڵكردنی میزو جێگه‌ ته‌ڕكردنی شه‌وانه‌ی منداڵان گرفتێكی تاڕادده‌یه‌ك بڵاوه‌و هه‌ندێك له‌ خێزانه‌كان به‌ده‌ستیه‌وه‌ ده‌ناڵێنن.
A+    A-

پەیجی تەندروستی سلێمانی لە بابەتێکدا تیشکی خستوەتە سەر ئەو گرفتە و نوسیویەتی: ئه‌م گرفته‌ له‌ هه‌ردوو ڕه‌گه‌زه‌كه‌ ڕوو ده‌دات به‌ڵام زیاتر له‌ ڕه‌گه‌زی نێر باوه‌.


ئه‌م حاڵه‌ته‌ تا ته‌مه‌نی پێنج ساڵی ده‌ست نیشان ناكرێت، واته‌ له‌دوای ته‌مه‌نی پێنج ساڵی ئه‌گه‌ر بێت و هه‌ر به‌رده‌وام بوو پێویسته‌ چاره‌سه‌ر بكرێت.


له‌سه‌دا ٧ی كوڕان وه‌ له‌سه‌دا ٣ی كچان له‌ ته‌مه‌نی پێنج ساڵی ئه‌م گرفته‌یان هه‌یه‌.


له‌گه‌ڵ هه‌ڵكشانی ته‌مه‌ن ئه‌م حاڵه‌ته‌ باشتر ده‌بێت، به‌ڵام نزیكه‌ی ١-٢ له‌سه‌دا دوای ته‌مه‌نی ١٨ ساڵیش به‌رده‌وام ده‌بێت.


ئه‌م حاڵه‌ته‌ دوو جۆری هه‌یه‌:


- ئه‌وه‌ی كه‌ منداڵه‌كه‌ هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ نه‌یتوانیوه‌ میزی كۆنتڕۆڵ بكات.
- جۆری دووه‌م ، ئه‌م جۆره‌یان منداڵه‌كه‌ پاش ماوه‌یه‌ك له‌كۆنتڕۆڵكردنی میزكردن واته‌ دوای ئه‌وه‌ی هیچ كێشه‌یه‌كی نیه‌ ئه‌وجار وای لێدیێت.

هۆكاره‌كانی ئه‌م گرفته‌:
هۆكاری سه‌ره‌كی و بنه‌ڕه‌تی ئه‌م حاڵه‌ته‌ نه‌زانراوه‌، به‌ڵام چه‌ند هۆكارێك هه‌ن كه‌ ده‌ستنیشان كراون بۆ ڕوودانی ئه‌م حاڵه‌ته‌:
- هۆكاری بۆماوه‌یی، واته‌ ئه‌و منداڵانه‌ی كه‌ یه‌كێك له‌ كه‌س وكاریان ئه‌م حاڵه‌ته‌ی هه‌بێت ئه‌گه‌ری توشبوون به‌م حاڵه‌ته‌ زیاتر ده‌بێت.
- هۆكاری جه‌سته‌یی، وه‌كو بوونی گرفت له‌ میزڵدان یاخود بۆڕی میزی منداڵه‌كه‌، یان نه‌خۆشی شه‌كره‌ و هه‌وكردنی میزڵدان.
- هۆكاری ده‌روونی و كۆمه‌ڵایه‌تی; بوونی دڵه‌ڕاوكێ و خه‌مۆكی، یان غیره‌ه‌ی منداڵ، كێشه‌ی خێزانی و توندوتیژی ناوماڵ.

چاره‌سه‌ری ئه‌م گرفته‌;


١- پێش هه‌موو شتێك ده‌بێت به‌دوای هۆكاره‌كان بگه‌ڕێین له‌ ئه‌گه‌ری بوو‌نی گرفتێكی جه‌سته‌یی یاخود نه‌خۆشی شه‌كره‌و هه‌وكردنی میزڵدان ده‌بێت چاره‌سه‌ر بكرێن.
٢- كهم‌كردنه‌وه‌ی خواردنه‌وه‌ی ئاو شله‌مه‌نیه‌كان شه‌وانه‌ پێش نوستن‌.
٣- پێش نوستن ده‌بێت منداڵه‌كه‌ بچێت بۆ سه‌رئاو میز بكات یاخود شه‌وانه‌ش هه‌وڵ بدرێت هه‌موو شه‌وێك له‌یه‌ك كاتدا به‌خه‌به‌ر بهێنرێت و به‌تایبه‌‌تی ئه‌و كاتانه‌ی كه‌شه‌و درێژه‌.
٤- هاندان و ڕاهێنانی منداڵ و فێركردنی چۆنیه‌تی خۆ پاك ڕاگرتن.
٥- هه‌ندێ جاریش په‌نا ده‌برێته‌ به‌ر به‌كارهێنانی ئامێری ئاگاداركردنه‌وه‌ كه‌ له‌ناو جێگای منداڵه‌كه‌ داده‌نرێت به‌جۆرێك كه‌ به‌ ته‌ڕبوونی ئامێره‌كه‌ منداڵه‌كه‌ ئاگادار ده‌اته‌وه‌ به‌م جۆره‌ منداڵه‌كه‌ ڕادێت له‌سه‌ر هه‌ڵسان له‌خه‌و پێش ئه‌وه‌ی میز بكات به‌خۆیدا.
٦- هه‌ندێ جاریش ناچار ده‌بێت ده‌رمان به‌كاربهێنیت
 
















زۆرترین بینراوەکان