ئەنجومەنی دووەم لە عیراق پێکدەهێنرێت


نەتەوە  |   17:22:39 2018-03-11  |   (371) جار خوێندراوەتەوە

ئەنجومەنی فیدراڵی پێکدەهێنرێت و پەرلەمانتارێکی کوردیش لە بەغدا لەوبارەیەوە روونکردنەوە دەدات و رایدەگەیەنێت کە ئەندامانی ئەنجومەنەکە مافی ڤیتۆیان هەیەو نوێنەرانی شارەکانی بە یەکسانی تێدایەو دەتوانن یاساکانی ئەنجومەنی نوێنەران رەتبکەنەوە.
A+    A-


زانا رۆستایی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، رایدەگەیەنێت: چەندین پڕۆژەیاسا لە ئەنجومەنی نوێنەراندا هەیە هەوڵدەدرێت تا مانگی داهاتوو تێپەڕێندرێن، لەوانەش پڕۆژەیاسای ئەنجومەنی فیدراڵی، كە گەیشتۆتە قۆناغی دەنگدان بۆ پەسەندكردنی و پێویستە كوردیش ئامادەیی تێیدا هەبێت.

 

لەوبارەیەشەوە بە ئێس ئێن ئێن-ی وتووە: "ئەنجومەنی فیدراڵی، ئەنجومەنی دووەمی یاسادانانە، لە هەموو دەوڵەتە ئیتیحادییەكاندا جگە لە ئەنجومەنی نوێنەران، ئەنجومەنێكی تریش هەیە وەك فلتەری دووەمی یاساكانەو نوێنەرایەتی هەرێم و پارێزگاكان دەكات، هەر یاسایەك نەگونجێت لەگەڵ هەرێم و پارێزگاكاندا، ئەندامانی ئەو ئەنجومەنە فیدراڵییە دەسەڵاتی بەكارهێنانی ڤیتۆیان دەبێت بۆئەوەی یاساكە بگەڕێننەوە بۆ پەرلەمان.

 

بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵیش، دەسەڵاتی یاسادانان كەموكورتی هەیە تا ئەو ئەنجومەنە دروست دەكرێت".

 

بەوتەی ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەران، رۆژی سێشەممە كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی نوێنەران دەستپێدەكاتەوەو ئەوانیش وەك نوێنەرانی کورد ئامادەییان لە كۆبونەوەكاندا دەبێت.

 

سەبارەت بە گرنگی بوونی كوردیش لە بەغدا لەدوای تێپەڕاندنی بودجەوە بە زۆرینەی دەنگ، رۆستایی رونیکردۆتەوە کە ئەوان ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانن و ماوەی نوێنەرایەتیەكەیان هێشتا تەواو نەبووەو ئەركی نوێنەرایەتی خۆشیان جێبەجێدەكەن و وتیشی: هەر بابەتێك پەیوەندیدار بێت بە هەرێمەوە باس بكرێت، دەبێت ئێمەش كاریگەریمان هەبێت".
















زۆرترین بینراوەکان