تره‌مپ به‌ داواكه‌ی کیم جۆنگ ئوون رازی بوو


نەتەوە  |   11:21:02 2018-03-09  |   (535) جار خوێندراوەتەوە

بەرپرسێکی باڵای کۆریای باشوور ئاشكرای ده‌كات، " دۆناڵد تره‌مپ پێشنیازێکی سەرۆکی کۆریای باکووری پەسندکردووە و هەردوو سەرۆکیش پێش مانگی 5-ی ئەمساڵ کۆدەبنەوە. 
A+    A-

 

چەنگ یو یۆنگ راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی کۆریای باشوور لە واشنتن بە رۆژنامه‌نوسانی راگەیاندوه‌، سەرۆکی ئەمریکا رەزامەندیی نیشانداوە ئەو کۆبوونەوەیە ئەنجامبدات تاوەکو ئامانجێکی سەرەکی ئیدارەکەی بەدەستبهێنێت، ئەویش نەهێشتنی چەکی ئەتۆمییە لە نیمچەدوورگەی کۆریادا. 


ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌، "ئەمڕۆ شەرەفی ئەوەم هەبوو لەبارەی سەردانەکەی ئەم دواییەم بۆ کۆریای باکوور قسە لەگەڵ سەرۆک ترەمپ بکەم، بۆم روونکردەوە کە سیاسەتی گوشارە زۆرەکەی و پاڵپشتی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئێمەی گەیاندووەتە ئەم قۆناخە.


ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، "سەرۆک ترەمپم راگەیاند کە لە کۆبوونەوەکەماندا کیم جۆنگ ئون، رێبەری کۆریای باکوور جه‌ختیكردۆته‌وه‌، کە پابەندە بە چەکداماڵینی ئەتۆمییەوە و بەڵێنیدا کە چیدیکە کۆریای باکوور تاقیکردنەوەی ئەتۆمی و مووشەکی ئەنجامنادات". 


راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی کۆریای باشوور لە درێژەی قسەکانیدا زیاتر تیشکی خستەسەر گۆرانکاریی لە سیاسەتی کۆریای باکوور و سەرۆکەکەی و وتی: "ئەو (کیم جۆنگ ئوون) تێدەگات کە دەبێت ئەم مانۆڕە سەربازییە هاوبەشە رۆتینیانەی نێوان کۆماری کۆریا و ئەمریکا بەردەوام بن، ئەو پەرۆشیی خۆشی دەربڕی بۆ ئەوەی لە زووترین کاتدا لەگەڵ سەرۆک ترەمپ کۆببێتەوە. 


وتیشی: سەرۆک ترەمپیش رایگەیاند کە پێش مانگی ئایار (مانگی 5) لەگەڵ کیم جۆنگ ئوون کۆدەبێتەوە بۆ مەبەستی بەدەستهێنانی چەکداماڵینی یەکجارەکی ئەتۆمی، کۆماری کۆریا و ئەمریکا و ژاپۆن و هاوبەشە زۆرەکانمان لە سەرانسەری جیهاندا ، پابەندن بە چەکداماڵینی تەواوی ئەتۆمی نیمچە دوورگەی کۆریا".


جێی باسه‌ کۆریای باکوور یەکێکە لە وڵاتانی خاوەن چەکی ئەتۆمی، بەڵام بەرپرسانی ئەمریکا دەڵێن، دەبێت ئەو وڵاتە دەستبەرداری ئەو جۆرە چەکەی بێت. 
















زۆرترین بینراوەکان