بزوتنەوەی گۆران راگەینراوێک بڵاودەکاتەوە


نەتەوە  |   11:50:03 2015-10-10  |   (377) جار خوێندراوەتەوە

loading...
لەسەر ئاڵۆزیەکانی خۆپیشاندانەکەی قەڵادزێ، بزوتنەوەی گۆڕان ڕاگەیەنراوێک بڵاودەکاتەوە.
A+    A-

بزوتنەوەی گۆڕان لەسەر گرژی و ئاڵۆزیەکانی دوێنێی قەڵادزێ، ڕاگەینراوێک بڵاودەکاتەوە و رایدەگەیەنێت بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ خەباتی مەدەنی و پەرلەمانیدایە.


هەروەها، ئیدانەی تەقەکردن لە خۆپیشاندەران دەکات و داوا لە خەڵکی کوردستان دەکات دان بە خۆیاندا بگرن و ئارامی شەقام بپارێزن.


ئەمەش دەقی ڕاگەینراوەکەی بزوتنەوەی گۆڕانە:


كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان..


لەم سەروەختەی باری ناهەمواری شەڕی داعش و قارەمانێتی و گیانفیدایی پێشمەرگە، ئاڵۆزی سیاسی و سەربازی، لێكەوتەكانی پشتیوانی و دەستێوەردانی هێزە نێودەوڵەتییەكان لەسەر ئەرز و روداوەكانی ناوچەكە، هەمو ئەمانە ئایندەی چارەنوسی میللەتەكەمانی لەناو هاوكێشە سیاسییەكاندا ناڕۆشن  و نادیار كردوە. 


ئێمە لەبەردەم بەرپرسیارێتی قۆناغەكە و بەرگری و پشتیوانی خەڵك و خاكی كورستانداین، هەر بەو گیانی مەسئولیەتەوە شانمان دایە بەر راستكردنەوە و رێكخستنەوە و چاكسازی، بە بەشداریكردنمان لە حكومەتی بنكە فراوان و خوڵقاندنی كەشی ئارام و هاوبەشیكردن لەگەڵ زۆرینەی هێزە سیاسیەكانی كوردستاندا.


ئێستاش قەیرانەكانی باری ناهەمواری كۆمەڵایەتی، ئابوری و دارایی، بژێوی ژیانی خەڵك بەرۆكی هەرێمی كوردستانی گرتوە، سەرباری تەنگژەی سیاسی و یاسایی سەرۆكایەتی هەرێم و ململانێ و گفتوگۆی هێزە سیاسەییەكان بۆ رێگەچارە و دەربازبون لە كۆی قەیرانەكان، ناڕەزایی و خۆپیشاندانی جەماوەری هاتوەتە ئاراوە.


بزوتنەوەی گۆڕان وەك هێزێكی سیاسی و مەدەنیی بێچەك، بڕوای تەواوی بە خەباتی پەرلەمانی و تێكۆشانی كەناڵەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی هەیە، لەو روانگەیەوە ئەو خۆپیشاندان و ناڕەزاییانە، بە مافی رەوای خەڵك و گروپ و تاكەكانی كۆمەڵی كوردەواری دەبینین، لە هەمو كات زیاتریش ئارامی و هێمنی شەقام و دان بەخۆداگرتن بە پێویست دەزانین.


لە هەمان كاتدا توندوتیژی، كوشتن و تەقەكردن بەرامبەر هاوڵاتیان و دام و دەزگا حكومی و حیزبییەكان و موڵك و ماڵی گشتی ئیدانە دەكەین، داواش لە خەڵكی هەرێمی كوردستان و دۆست و لایەنگرانی بزوتنەوەكەمان دەكەین:


_پشتیوانی و هاوكاریی هێزەكانی پۆلیس و ئاسایش بكەن.


_رێگە نەدەن بە مەبەستی تر و جێبەجێكردنی ئەجێندای هیچ هێزێك، بارودۆخی شەقام و بازاڕ و گوزەرانی خەڵك بشێوێنرێت و داوا رەواكانتان بەلاڕێدا ببرێت.


لەكۆتاییدا، سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شەهیدەكان دەكەین و هیوای زوچاكبونەوەش بۆ بریندارەكان دەخوازین.


بزوتنەوەی گۆڕان

٩-١٠-٢٠١٥





loading...