لەكاتی پێوەدانی دووپشكدا پێویستە چی بكرێت؟


نەتەوە  |   20:28:33 2018-02-27  |   (294) جار خوێندراوەتەوە

دووپشك زیاتر لە 1500جۆری هەیە بەڵام تەنها ۳۰ جۆریان ژەهرەکەیان مەترسیدارە. لەكاتی پێوەدانیدا بۆ مرۆڤ منداڵ و بە ساڵاچوو مەترسیان زیاتر لەسەر ژیانیان دروست دەبێت.
A+    A-

 

تەندروستی سلێمانی لە رێگەی بابەتێکەوە کە لە پەجی خۆی بڵاوی کردۆتەوە تیشکی خستۆتە سەر نیشانەکانی پێوەدانی دووپشک و ئەو کارانەی کە پێویستە لە کاتی ئەو رووداوەدا ئەنجام بدرێن.

 

نیشانەکانی پێوە دانی دووپشک:

 

زۆربەی کات تەنها هەندێک نیشانەیان ئەبێت لە شوێنی پێوەدانی دووپشکەکەدا بۆ نمونە وەک ئازار لە شوێنی گەستنەکە کە لەوانەیە توند بێت یان سڕبوون و مێروولەکردن لە شوێنی گەستنەکە یاخود لەوانەیە هەندێکجار ئاوسانێکی کەم لە دەوروبەری شوێنی گەستنەکە ببینرێت.

 

بەڵام لەوانەیە هەندێکجار نیشانەی مەترسیدار ببینین لە ئەنجامی کاریگەری بڵاوبونەوەی ژەهرەکە بەناو لەشدا وەک:

 

۱- هەناسەدان بە گرانی.
۲- گرژبونی بە ئازاری ماسولکە.
۳- جوڵەی نائاسایی سەر و مل و چاو.
٤- لیک هاتنەخوارەوە بە دەمدا.
۵- ئاڕەقکردنەوەی زۆر.
٦- ڕشانەوەو دڵ تێکهەڵاتن.
۷- فشاری خوێن بەرز ئەبێتەوە.
۸- لێدانی دڵی خێرا ئەبێت و هەندێکجار ناڕێک ئەبێت.
۹- گریانێکی زۆر و ناڕەحەتیەکی زۆر لە منداڵدا.

 

لە کاتی بوونی ئەو نیشانانەدا پێویستە بە زووترین کات سەردانی نەخۆشخانە بكرێت بۆ پاراستنی ژیانی كەسەكە.

 

ژەهری دوو پشک بە پێی شوێنی جوگرافیا ئەگۆڕێت بۆ نمونە دووپشکی ناوژەی عەربەت بە ناوبانگە.

 

لە کاتی پێوەدانی دووپشک پێویستە چی بکەین؟

 

۱- پاککردنەوەی شوێنی گەستنەکە بە ئاوو سابونێکی کەم.
۲- بەکارهێنانی سەهۆڵ بۆ شوێنی گەستنەکە بۆ ماوەی ۱۰ دەقیقە و دواتر لابردنی سەهۆڵەکە بۆ ماوەی  ۱۰ دەقیقە و دواتر دانانەوەی سەهۆڵەکە لە شوێنی گەستنەکە بە هەمان شێوەی پێشووتر.
۳- ئەگەر هەستت بە ناڕەحەتی پڕۆسەی قوتدان کرد تکایە نە خواردن نە شلەمەنی مەخۆ.
٤- ئەگەر ئازاری زۆر بوو ئەتوانیت دەرمانێکی ئازار شکێن بە کار بهێنیت بەڵام بە ڕێنمایی پزیشکی منداڵان.
















زۆرترین بینراوەکان