"هه‌ڵبژاردنی‌ داهاتوو ده‌كه‌ینه‌ وێستگه‌ی‌ تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ له‌و لایه‌نانه‌ی‌ كه‌ كه‌مته‌رخه‌مبون"


نەتەوە  |   13:23:43 2018-02-25  |   (986) جار خوێندراوەتەوە

دوای‌ خۆپیشاندانی‌ فراوانی‌ ئه‌مڕۆی‌ مامۆستایانی‌ ناڕازیی، دوا په‌یامی‌ خۆیان ڕاگه‌یاندو جه‌ختیانكرده‌وه‌، به‌رده‌وامده‌بن له‌نه‌چونه‌وه‌ بۆ هۆڵه‌كانی‌ خوێندن و بایكۆت به‌رده‌وامده‌بێت، هاوكات له‌یاداشتێكیشدا ئۆباڵی‌ فه‌وتانی‌ ساڵێكی‌ خوێندن ده‌خه‌نه‌ ئه‌ستۆی‌ هه‌ریه‌ك له‌حكومه‌ته‌كانی‌ (هه‌ولێرو به‌غدا)، هه‌روه‌ها پارێزگاره‌كانی‌ كوردستان.
A+    A-

 

به‌یانی‌ ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 25/2/2018 مامۆستایانی‌ ناڕازیی له‌زۆربه‌ی‌ ناوچه‌ جیاوازه‌كانی‌ سنوری‌ گه‌رمیان و ڕاپه‌ڕین و پارێزگاكانی‌ سلێمانی‌ و هه‌ڵه‌بحه‌ خۆپیشاندانیان ئه‌نجامدا، دواتریش ڕاگه‌یه‌نراوێك بۆ ڕای‌ گشتیی خوێندرایه‌وه‌.


له‌و نامه‌یه‌دا كه‌ ئاراسته‌ی‌ ڕای‌ گشتیی كرا مامۆستایانی‌ ناڕازیی جه‌ختیانكرده‌وه‌، "زیاتر له‌سێ‌ ساڵه‌ سه‌رجه‌م چین و توێژه‌كان له‌خه‌باتی‌ مه‌ده‌نی‌ به‌رده‌وامن له‌گێڕانه‌وه‌ی‌ شایسته‌ داراییه‌كانیان، به‌ڵام گوێمان لێناگیرێت".


مامۆستایانی‌ ناڕازیی نیگه‌رانی‌ خۆیان نیشانده‌ده‌ن له‌وه‌ی‌، كه‌ زیاتر له‌مانگێك به‌سه‌ر وه‌رزی‌ دوه‌می‌ خوێندندا تێپه‌ڕیوه‌و مامۆستایان نه‌یانتوانیوه‌ بچنه‌ هۆڵه‌كانی‌ خوێندن به‌گیرفانی‌ خاڵی‌ و سكی‌ برسی‌، له‌و ڕوه‌شه‌وه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كه‌ن، "هه‌ر ئه‌گه‌رێكی‌ نه‌خوازارو بێته‌ پێش سه‌باره‌ت به‌فه‌وتانی‌ ساڵێكی‌ خوێندن، ئه‌وا په‌رله‌مانتارانی‌ كورد له‌به‌غداو حكومه‌ته‌كانی‌ هه‌ولێرو به‌غداو پارێزگاره‌كانی‌ كوردستان به‌رپرسن".


ئه‌وه‌شخراوه‌ته‌ڕوو، "هیچ به‌رپرس و لایه‌نێك ناتوانێت له‌جیاتی‌ گیرفانی‌ مامۆستا بڕیار بدات، جه‌ختیشده‌كه‌ینه‌وه‌ هه‌ڵبژاردنی‌ داهاتوو ده‌كه‌ینه‌ وێستگه‌ی‌ تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ له‌و لایه‌نانه‌ی‌ كه‌ كه‌مته‌رخه‌مبون".


له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا مامۆستایانی‌ ناڕازیی په‌یامێك ئاراسته‌ی‌ حكومه‌ته‌كانی‌ عیراق و هه‌رێم ده‌كه‌ن به‌وه‌ی "جارێكی‌ دیكه‌ داواتان لێده‌كه‌ین موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌ران و مامۆستایان بده‌ن به‌بێ‌ پاشه‌كه‌وت و دواكه‌وتن تاوه‌كو ساڵێكی‌ خوێندكاران به‌هه‌ده‌ر نه‌ڕوات".


له‌كۆتایی ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌شیاندا دووپاتكراوه‌ته‌وه‌، له‌سه‌ر به‌رده‌وامی‌ بایكۆت و تێیدا هاتوه‌ "پشتیوانی‌ له‌نه‌چونه‌وه‌ بۆ هۆڵه‌كانی‌ وانه‌وتنه‌وه‌ دوپاتده‌كه‌ینه‌وه‌و به‌رده‌وامده‌بین له‌خه‌باتی‌ مه‌ده‌نی‌ و یاسایی بۆ گه‌یشتن به‌مافه‌كانمان".
















زۆرترین بینراوەکان