گۆڕانكاریی لە دەرماڵەی فەرمانبەرانی هەرێمدا دەكرێت


نەتەوە  |   19:52:11 2018-02-23  |   (507) جار خوێندراوەتەوە

بڕیاردەری لیژنەی یاسایی پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت، لە پڕۆژە یاسای چاكسازییەکەی حکومەتدا کە ئێستا لەبەردەستی پەرلەماندایە كار لەسەر كەمكردنەوەی پاسەوانانی بارەگاو بەرپرسە حزبییەكان دەکرێت.
A+    A-


تەلار لەتیف: بڕیاردەری لیژنەی یاسایی لەپەرلەمانی كوردستان رایگەیاندووە، لەچوارچێوەی چاكسازییەكاندا گۆڕانكاریی لە دەرماڵەی فەرمانبەرانی هەرێمدا دەكرێت.

 

لەوبارەیەشەوە بە سایتی خەڵک-ی وتووە: "لەپڕۆژە یاسای چاكسازیی لە دەرماڵەو مووچەو خانەنشینی لەهەرێم، هەموو دەرماڵەكان رێكدەخرێنەوە بە تایبەتی دەرماڵەی پیشەیی و ترسناكی، بەشێوازێك ئەو فەرمانبەرانەی لەپسپۆڕیی خۆیاندا كارنەكەن، دەرماڵەیان بۆ خەرج ناكرێت".

 

راشیگەیاندووە ئەگەر وەزارەتێك ئەو دەرماڵانەی بۆ خەرجبكرایە، ئەوا زۆربەی فەرمانبەرەكانی دەگرتەوە، بەڵام لەمەودوا تەنها ئەو فەرمانبەرانە دەگرێتەوە، كە لەبوارەكەی خۆیاندا كاردەكەن.

 

ئاماژەشی بەوە داوە کە لە پڕۆژەکەدا كار لەسەر كەمكردنەوەی پاسەوانانی بارەگاو بەرپرسە حزبیەكان كراوە، كە نابێت حكومەت پاسەوانیان بۆ دابین بكات، بەڵكو دەبێت خۆیان بەرپرسیاربن لە پاراستنی بارەگاو ژیانی خۆیان.

 

بەگوێرەی چەند زانیارییەکیش هەریەكە لەدەرماڵەكانی بڕوانامە و هاوسەرێتی و منداڵ دەمێننەوەو دەرماڵەی ترسناكی و پیشەیی دەستكارییان دەكرێت و ڕێكدەخرێنەوە.
















زۆرترین بینراوەکان