وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا بڕیارێكی دەرباری دامەزراندنی زانكۆ و پەیمانگاكان دەركرد


نەتەوە  |   10:08:47 2018-02-23  |   (1,144) جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حكومەتی هەرێم بڕیارێك دەربارەی دامەزراندنی زانكۆ و پەیمانگەی تایبەت دەردەكات و وتەبێژی وەزارەتەكەش ئاشكرای ده‌كات: "دامەزراندنی زانكۆ و پەیمانگای تایبەت ڕاگیرا".
A+    A-

 

عەباس ئەكرەم، وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێم ڕایگەیاند، بەفەرمانی وەزاری ژمارە (٢٨٦) كە لە ڕێكەوتی (٢٢/٢/٢٠١٨) بە ئیمزای د. یوسف گۆران، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دەرچوە، بڕیاردرا بە ڕاگرتنی وەرگرتنی پرۆپۆزڵ بۆ دامەزراندنی زانكۆ و پەیمانگەی تایبەت لە هەرێمی كوردستان.


ناوبراو وتیشی، "ئەو بڕیارە بۆ دیراسەكردن و هەڵسەنگاندنی دۆخی زانكۆ و پەیمانگە تایبەتەكانی كوردستانە".


ئاماژەی بەوەشكرد، بڕیاری ڕاگرتنی وەرگرتنی پرۆپۆزەڵ بۆ دامەزراندنی زانكۆ و پەیمانگەی تایبەت، هاوكاتە لەگەڵ پێكهێنانی (بۆردی باڵای خوێندنی تایبەت) لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، كە ئەركی سەرەكی ئەو بۆردە بریتیە لە دیراسەكردنی هەمەلایەنەی دۆخی زانكۆ و پەیمانگە تایبەتەكانی هەرێمی كوردستان و هەڵسەنگاندیان لەڕوی زانستی و ئەكادیمی و كارگێڕی و دارایی و ژێرخانەوە.


ئاشكراشی كرد، ئەو بڕیارە، كە پەیوەستە بەڕاگرتنی وەرگرتنی پرۆپۆزەڵ بۆ دامەزراندنی زانكۆ و پەیمانگەی تایبەت لە ڕێكەوتی (٢٢/٢/٢٠١٨) چۆتە بواری جێبەجێكردنەوە و تا ڕێكەوتی (٣١/١٢/٢٠١٩) بەردەوام دەبێت.


لە ئێستادا لە هەرێمی كوردستان (١٥) زانكۆی تایبەت هەیە، هەروەك چەند زانكۆیەكی دیكەش دوای تێپەڕبون بە پڕۆسەكانی دڵنیای جۆری و متمانەبەخشین و سەرجەم ڕێكار و ڕێنماییە یاسایی و كارگێڕییەكاندا ڕەزامەندی ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانیان بۆ دامەزراندن وەرگرتوە، هاوكات (١٠) پەیمانگەی تایبەتیش لە هەرێمی كوردستان هەیە.
 
















زۆرترین بینراوەکان