حەیدەر عەبادی باس لە رێککەوتنێكی نهێنی دەکات 


نەتەوە  |   00:47:55 2018-02-23  |   (1,279) جار خوێندراوەتەوە

سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، "پێدەچێت رێککەوتنی نهێنی لە ئارادا بێت بۆ زیادکردنی بەشی هەرێم لە بودجەی گشتیی عێراق، ئەوەش جێی قبوڵکردن نییە".
A+    A-

 

حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە میانی سەردانێكی بۆ پارێزگای بەسڕە، وتەیەکی لە ئەنجومەنی پارێزگا پێشکەشکرد و سەرسوڕمانی خۆی لە دواخستنی پەسەندکردنی پرۆژەیاسای بودجە دەربڕی و وتی، "نازانم بۆچی پەرلەمانتاران هەموو شتێکیان بەلاوە گرنگە بودجە نەبێت".


ناوبراو هێمای بۆ ئه‌وه‌شكرد، "من سەرم سوڕدەمێنێت لەو داواکاریانەی دەبنە هۆی دواخستنی پەسەندکردنی بودجە و ئەو داواکارییانەی باس لە زیادکردنی بەشی هەرێمی کوردستان دەکەن، وادیارە رێککەوتنی نهێنی لە ئارادایە، ئەمەش بەهیچ شێوەیەک قبوڵ ناکرێت، ئێمە گرنگی بە هاووڵاتیانمان لە هەرێمی کوردستان و بەسڕە و تەواوی ناوچەکانی عێراق دەدەین و بەردەوامین لە بەدیهێنانی یەکڕیزی".


حەیدەر عەبادی جه‌ختیشیكرده‌وه‌ "کارێکی راست نییە، بەشی هەرێمێک یان پارێزگایەک زیاتر بدرێت، لەبەرئەوەی فشار لەسەر من زیاتر دەبێت، یان لەوەیە کەسێک بەرژەوەندی لەوەدا هەبێت، بەڵام پارەکە پارەی گەلی عێراقە، بۆیە دەبێت بە دادگەری دابەش بکرێت".


ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌ بودجەی ٢٠١٨ی عێراق ماوەیەکی زۆرە بە هۆی ناکۆکی پێکهاتەکانەوە لە پەرلەمان ماوەتەوە و په‌سند نه‌كراوه‌، بەپێ گفتوگۆکردن لەسەری، کورد داوای زیادکردنی بەشی هەرێم دەکات، کە بۆ ١٢،٦٧ کەمکراوەتەوە، هاوكات پێکهاتەی سوننەش داوای دابینکردنی پشکی زیاتر بۆ پارێزگاکانی دەکات، کە بەهۆی شەڕی داعشەوە توشی کاولکارییەکی زۆر هاتوون.
















زۆرترین بینراوەکان