شێوازی‌ ڕێكخستنه‌وه‌و پێدانی‌ ده‌رماڵه‌ به‌فه‌رمانبه‌ران ئاشكراده‌كرێت


نەتەوە  |   10:30:04 2018-02-22  |   (2,559) جار خوێندراوەتەوە

سه‌باره‌ت به‌بڕگه‌یه‌كی‌ پڕۆژه‌یاسای چاكسازیی، كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ڕێكخستنه‌وه‌ی‌ ده‌رماڵه‌كانی فه‌رمانبه‌ران لیژنه‌ی‌ یاسایی ڕونكردنه‌وه‌ ده‌دات، ئه‌ندامێكی لیژنه‌كه‌ش واده‌ی‌ جێبه‌جێكردنی‌ ئه‌و بڕگه‌یه‌ ئاشكراده‌كات، ده‌شڵێت:"ئه‌وكه‌سه‌ی‌ به‌فیعلی‌ مه‌ترسی‌ له‌سه‌ر ژیانی‌ نه‌بێت، ده‌رماڵه‌ی‌ مه‌ترسی‌ پێنادرێت".
A+    A-

 

ته‌لار له‌تیف ئه‌ندامی لیژنه‌ی‌ یاسایی له‌په‌رله‌مانی‌ كوردستان ڕایگه‌یاند، "له‌كۆبونه‌وه‌كه‌ی‌ دوێنێی په‌رله‌ماندا له‌كۆی 23 ماده‌ی پڕۆژه‌یاسای چاكسازیی خانه‌نشینان و ڕێكخستنه‌وه‌ی‌ ده‌رماڵه‌كان ته‌نها ده‌نگ له‌سه‌ر سێ ماده‌ی پڕۆژه‌كه‌ دراوه‌".


بڕیاره‌ ئه‌مڕۆ جارێكی‌ دیكه‌ په‌رله‌مان له‌سه‌ر هه‌مان بابه‌ت كۆبونه‌وه‌ ئه‌نجامبداته‌وه‌و هه‌وڵیشده‌درێت پڕۆژه‌یاساكه‌ ئه‌مڕۆ كۆتایی پێبهێندرێت و په‌سه‌ندبكرێت.


ته‌لار له‌تیف وتیشی: "له‌ڕێگه‌ی ئه‌و پڕۆژه‌چاكسازییه‌وه‌ ده‌توانرێت پاره‌یه‌كی‌ زۆر بۆ خه‌زێنه‌ی‌ ده‌وڵه‌ت بگه‌ڕێندرێته‌وه‌و سودی لێوه‌ربگرێته‌وه‌ بۆ گۆڕانكاریی له‌پاشه‌كه‌وتی‌ موچه‌ی‌ چه‌ند توێژێكی دیكه‌دا".


رونیشیكرده‌وه‌، "شێوازی‌ ڕێكخستنه‌وه‌ی‌ ده‌رماڵه‌كان كه‌ له‌پڕۆژه‌یاساكه‌دا هاتوه‌ به‌تایبه‌ت ده‌رماڵه‌ی‌ پیشه‌یی و مه‌ترسی بۆ موچه‌خۆران به‌رده‌وامده‌بێت، به‌ڵام ده‌رماڵه‌ی‌ مه‌ترسی بۆ له‌مه‌ودوا ده‌درێته‌ ئه‌وكه‌سانه‌ی‌ كه‌ به‌فیعلی‌ له‌كاتی‌ ئه‌ركه‌كانیاندا مه‌ترسی له‌سه‌ر ژیانیان هه‌یه‌و ئه‌وكات ده‌رماڵه‌كه‌یان بۆ خه‌رجده‌كرێت".


ته‌لار له‌تیف له‌ كۆتایی لێدوانه‌كه‌ی بۆ سایتی تۆڕی هه‌واڵی سلێمانی سه‌باره‌ت به‌كاركردن به‌ڕێكخستنه‌وه‌ی‌ ده‌رماڵه‌كانیش ئاشكرایكرد، "ئه‌و بڕگه‌یه‌ له‌وكاته‌وه‌ كاری‌ له‌سه‌رده‌كرێت، كه‌ موچه‌ به‌بێ پاشه‌كه‌وت ده‌درێته‌ فه‌رمانبه‌ران و به‌تایبه‌تیش ئه‌گه‌ر له‌لایه‌ن به‌غداوه‌ ڕه‌وانه‌بكرێت، ئه‌گه‌رنا له‌سه‌ر سیستمی‌ پاشه‌كه‌وتی موچه‌ ڕێكخستنه‌وه‌ی‌ ده‌رماڵه‌ی فه‌رمانبه‌ران كاری‌ پێناكرێت".
 
















زۆرترین بینراوەکان