چەند زانیاریەکی نوێ لەبارەی ناردنی موچە لەبەغداوە ئاشکرادەکرێت


نەتەوە  |   12:11:58 2018-02-20  |   (7,650) جار خوێندراوەتەوە

حكومه‌تی عیراق دەست بەدابەشکردنی موچەی مانگی دووی ئەمساڵی فەرمانبەرانی خۆی دەکات، به‌ڵام ھیچ وادەیەکیشی بۆ ناردنی موچەی فەرمانبەرانی ھەرێم دیارینەکردوە، ئەندامێکی لیژنەی وردبینیش لەلیستی موچەی فەرمانبەران له‌باره‌ی ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ی باس له‌وه‌ده‌كه‌ن، به‌غدا لەڕێگەی لیژنە تایبەتمەندەکانیەوە بەڵێنیدابێت موچەی مانگی (یەک و دوو)ی ئەمساڵی فەرمانبەرانی ھەرێم ڕەوانەبکات رونكردنه‌وه‌ ده‌دات.
A+    A-

 

ڤیان حسێن جاف بەڕێوەبەری گشتیی پلاندانان لەوەزارەتی تەندروستی حکومەتی ھەرێم و ئەندامی لیژنەی وردبینی لەلیستی موچەی فەرمانبەران ڕایگەیاند، "تائێستا داوامان لەفەرمانبەرانی تەندروستی نەکردوە دوبارە چەند زانیارییەکی دیکەمان پێبگەیەنن کە پێشتر داوایان لێکراوە".


ناوبراو له‌ درێژه‌ی لێدوانه‌كه‌ی بۆ سایتی تۆڕی هه‌واڵی سلێمانی وتیشی:"پێشتر تەواوی زانیارییەکانی تایبەت بەبارکۆدی بایۆمەتری و ژمارەی ناسنامەو کارتی نیشتیمانی لەموچەخۆران وەرگیراوە بەھیچ شێوەیەک داوای زانیاری دیکە لەفەرمانبەران نەکراوە وەک ئەوەی لەچەند وەزارەتێکی دیکە ئەو داوایە لەفەرمانبەرەکانیان کراوە".


ڤیان جاف سەبارەت بەناردنی موچەی فەرمانبەرانی ھەرێم لەبەغداوە، جەختیکردەوە، "تائێستا ھیچ وادەیەک بۆ ناردنی موچەی فەرمانبەران دیارینەکراوە، جگەلەوەش بەھیچ شێوەیەک لەلایەن لیژنەکانی بەغداوە پێمانڕانەگەیەنراوە لەگەڵ دابەشکردنی موچەی مانگی دوی فەرمانبەرانی عیراق موچەی مانگی یەک و دوی ئەمساڵی فەرمانبەرانی ھەرێم بەیەکەوە ڕەوانە دەکرێت".


رونیشیكرده‌وه‌، "بەڵام ئەگەر بەغدا ھەر ھەنگاوێکی دیکە بنێت بۆمان ڕوندەبێتەوە موچەی یەک مانگ ڕەوانە دەکات یاخود ھاوشێوەی فەرمانبەرانی عیراق مامەڵە لەگەڵ ھەرێمیش دەکات".

 

بەڕێوەبەرەکەی وەزارەتی تەندروستی ئەوەشی ئاشکراکرد، "بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی بەدەستمانگەیشتوە بەغدا ھەر موچەی فەرمانبەرانی ھەرێم ڕەوانەدەکات، بەڵام ئەوەی گرفتە وادەی ناردنی لەلایەن بەغداوە دیارینەکراوە".
 
















زۆرترین بینراوەکان