"مانگانە حکومەت 20ملیۆن دۆلار بەفیڕۆ دەدات"


نەتەوە  |   10:23:21 2018-02-16  |   (6,918) جار خوێندراوەتەوە

به‌وته‌ی ئه‌ندامێكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان، "تائێستا پارەی نەوتی ھەرێم لە بانکی کوردستان دادەنرێت"، ئاشكراشی ده‌كات،"ئەگەر حکومەت راستەوخۆ پارەی نەوت لەبازاڕ بگۆڕێتەوە، 15 بۆ 20 ملیۆن دۆلار قازانج دەکات"، هاوكات ھۆشداریش دەدات لەخراپبوونی زیاتری دۆخی دارایی ھەرێم لە ئەگەری رێکنەکەوتن لەگەڵ بەغدا.
A+    A-

 

عەلی حەمەساڵح ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان، رایگەیاند: "هەرچەندە لەدوای كۆنترۆڵكردنی كێڵگە نەوتیەكانی كەركوك لەلایەن حكومەتی عیراقەوە، داهاتی حكومەتی هەرێم كەمیكردوە، بەڵام تائێستاش داهاتی گەڕاوەی نەوتی هەرێم وەكو پێشتر هەر دەچێتەوە بانكی كوردستان نزیك لەپارتی دیموكراتی كوردستان".


ناوبراو له‌ درێژه‌ی لێدوانه‌كه‌ی بۆ سایتی ئێس ئێن ئێن وتیشی"ئێستاش كەداهاتی هەرێم كەمیكردوە و دۆخی دارایی بەرەوخراپترچووە و نیوە موچەی فەرمانبەرانیش لەوادەی خۆیدا نادرێت، كەچی هەر بەهەمانشێوە پارەی نەوت كەدۆلارە لە بانكی كوردستان دەگۆڕدرێت بەدینار، بەشێوەیەك بڕی هەر 100دۆلارێكی داهاتەكە بەنرخی بانكی ناوەندیی عیراق و بەنزیكەی 117 بۆ 118 هەزار دینار بەحكومەتی هەرێم دەفرۆشرێتەوە".


بەوتەی ئەو پەرلەمانتارەی فراكسیۆنی گۆڕان، "ئەگەر حكومەتی هەرێم خۆی پارەی نەوتی فرۆشراو لە بازاڕدا بگۆرێتەوە، ئەوە نزیكەی 15 بۆ 20 ملیۆن دۆلار لەمانگێكدا بۆ دەگەڕێتەوە".


عەلی حەمەساڵح لەبارەی چارەنووسی دۆخی دارایی هەرێم و موچەی فەرمانبەرانەوە، وتی"ئەگەر لەگەڵ حكومەتی عیراق رێكەوتن نەكرێت، ئەوە بەهۆی سیاسەتی شكستخواردووی نەوتەوە، هەرێم توشی داڕوخانی گەورەی دارایی و ئابووری دەبێت، بۆیە تەنها دەرچە رێكەوتنە لەگەڵ بەغدا".


ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، لەسەر پرسی داهاتی نەوت و ئەو قەرزانەی كراوە و دۆخی موچە فەرمانبەران، بانگهێشتی ئەنجومەنی باڵای نەوت و غازی هەرێممان كردوە، بەڵام تائێستا ئەوان ئامادە نین بێنە پەرلەمانەوە.
 
















زۆرترین بینراوەکان