دەمیرتاش: وەزیرێكی حكومەت دەستنووسی ئۆجەلانی لە زیندانەوە بۆ هێنام


نەتەوە  |   20:59:36 2018-02-14  |   (218) جار خوێندراوەتەوە

سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپە ئەمڕۆ لەبەردەم دادگای ئەنقەرە وتی: وەزیرێكی حكومەتی توركیا خۆی دەستنووسی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە ئیمڕاڵییەوە بۆ گەیاندۆتە دەستم.
A+    A-


دادگایی کردنی دەمیرتاش لەسەر تۆمەتبارکردنێتی بە لایەنگیریی بۆ پەکەکەو تۆمەتی ئەوەی رووبەڕوو کراوەتەوە کە "رێنمایی لە ئیمڕاڵییەوە وەرگرتووە"، لەو رووەشەوە سەڵاحەدین دەمیرتاش لەبەردەم دادگادا وتی، "لەساڵی 2010 دا پڕۆسەی گفتوگۆ لە نێوان پەكەكەو حكومەتی توركیا هەبوو بەناوی پڕۆسەی ئۆسلۆ و رووبەڕوو چاوپێكەوتنیان هەبووە.

 

وتیشی: كاتێك ئێمە لە پەرلەمان دوو بڕگەی هەمواركردنی دەستوورمان رەتكردەوە، بە ئێمەیان وت، كە ئەوانە رێنماییەكان لە ئۆجەلان وەردەگرن".

 

هەروەک جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە "وەزیری دەوڵەت خۆی دەستنووسی ئۆجەلانی لە ئیمڕاڵییەوە بۆ هێناوم، منیش هەشت جار چوومەتە ئیمڕاڵی و چاوم بە عەبدوڵڵا ئۆجەلان كەوتووە".

 

دەمیرتاش لەبەردەم دادگادا ئەوەشی ئاشکراکرد کە لەو نامەیەدا ئۆجەلان نوسیبووی: پارتەكەم چی بڕیارێك بدات من رێزی دەگرم، ئایا هەمواركردنی دەستوور رێگا لە بەردەم دیالۆگ و پڕۆسەی چارەسەری دەكاتەوە یان نا، تكایە ئێوە وەكو پارتی (هەدەپە) ئەو بابەتە هەڵسەنگێنن، ئەوەبوو ئێمە بایكۆتی هەمواركردنی دەستورمان كرد".

 

دەمیرتاش وتیشی: لە ساڵی 2014 دا كە پڕۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری توركیا بەڕێوەچوو، "لە رێگەی ئیمڕاڵی-یەوە ویسترا خۆم كاندید نەكەم، پاشەكشەبكەم و بە منیان وت كە ئۆچەلان رازی نییە، منیش وتم:  "من كۆیلەی ئەو نیم".

 

دادگاییكردنەكەی دەمیرتاش ئەمڕۆ چوارشەممە، لە هۆڵی زیندانی سنجان لە ئەنقەرە بەڕێوەچووە، كە پەروین بوڵدان و سەزای تەمەلی، هاوسەرۆكانی گشتی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) لەگەڵ 20 كەسی دیكە لە دانیشتنەكەدا ئامادەبوون.

بەپێی ئاژانسی میزۆپۆتامیا، نوێنەرانی باڵیۆزخانەكانی ئەڵمانیا و نەرویژ و دانیمارك و كەنەدا و سوید و بەریتانیا و هۆڵەندا و فەڕەنسا و ئیرلەندا ئامادەبوون، هاوكات رێگری لە چەندین نوێنەری حیزب و رێكخراوی بیانی كراوە بۆ ئەوەی لە دانیشتنەكەدا ئامادەبن.

 

 
















زۆرترین بینراوەکان