پێداچوونه‌وه‌ به‌ سیستمی وه‌رگرتنی خوێندكاران ده‌كرێت


نەتەوە  |   13:58:21 2018-02-14  |   (863) جار خوێندراوەتەوە

به‌ئامانجی پێداچونه‌وه‌ به‌سیستمی وه‌رگرتنی خوێندكاران له‌ زانكۆكانی هه‌رێمی كوردستان و سه‌رله‌نوێ داڕشتنه‌وه‌یان له‌سه‌ر ڕاسپارده‌ی وه‌زیری خوێندنی باڵا بۆ ساڵی نوێی خوێندن لیژنه‌ی تایبه‌ت بۆ پێداچوونه‌وه‌ به‌ سیستمی وه‌رگرتنی خوێندكاران - قوتابیان له‌ زانكۆ و په‌یمانگه‌ حكومی و تایبه‌ته‌كان یه‌كه‌مین كۆبونه‌وه‌ خۆی ئه‌نجامدا.
A+    A-

 

ئه‌مرۆ چوارشه‌ممه‌، 14-2-2018 لیژنه‌ی تایبه‌ت بۆ پێداچوونه‌وه‌ به‌ سیستمی وه‌رگرتنی خوێندكاران - قوتابیان له‌ زانكۆ و په‌یمانگه‌ حكومی و تایبه‌ته‌كان یه‌كه‌مین كۆبونه‌وه‌ خۆی به‌سه‌رپه‌رشتی داود ئه‌تروشی به‌ڕێوه‌برد.


لای خۆیه‌وه‌ داود ئه‌تروشی سه‌ررۆكی لێژنه‌كه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌، كاری سه‌ره‌كی لیژنه‌كه‌یان پێداچوونه‌وه‌ به‌سیستمی وه‌رگرتنی خوێندكاران به‌شێوه‌كانی (ڕاسته‌وخۆ، زانكۆلاین، خوێندنی ئێواران و پارالێل)، له‌ته‌واوی زانكۆ و په‌یمانگه‌كانی هه‌رێم به‌ حكومی و تایبه‌ته‌كه‌مان ده‌بێت.


ڕونیشكرده‌وه‌، لێژنه‌كه‌یان له‌هه‌نگاوی یه‌كه‌مدا ته‌واوی سه‌رنج و تێبینی و زانیارییه‌كان له‌ كه‌سانی پسپۆڕ كۆده‌كه‌نه‌وه‌، له‌هه‌مان كاتدا سه‌رنج و تێبینی له‌ تۆماری خوێندكاران له‌ زانكۆكان و مامۆستایانی زانكۆ وه‌رده‌گرن.


ئاشكراشیكرد، ڕاپرسیه‌ك له‌نێو خوێندكارانی قۆناخی یه‌ك له‌ زانكۆكان له‌باره‌ی كێشه‌ و گرفته‌كانی سیستمی وه‌رگرتن ئه‌نجام ده‌ده‌ن، له‌ كۆتایشدا ڕاپۆرتێك له‌و باره‌یه‌وه‌ ئاماده‌ ده‌كه‌ن.


وتیشی: بۆ ئه‌وه‌ش له‌ یه‌كه‌مین كۆبونه‌وه‌یاندا، ئه‌ندامانی لێژنه‌كه‌ چه‌ندین ڕاو سه‌رنج و بۆچونیان له‌باره‌ی كاره‌كانیان و چۆنیه‌تی پێداچونه‌وه‌ به‌ سیستمی وه‌رگرتنی خوێندكاران له‌ زانكۆ و په‌یمانگه‌ حكومی و تایبه‌ته‌كان خرایه‌ڕو و گفتوگۆیان له‌باره‌وه‌ كرا، هه‌روه‌ك بڕیاریشدرا هه‌فته‌ی داهاتو به‌جیا له‌گه‌ڵ نوێنه‌ری سه‌رجه‌م زانكۆ و په‌یمانگه‌ حكومی و تایبه‌ته‌كان كۆببنه‌وه‌.


لیژنه‌ی پێداچونه‌وه‌ به‌ سیستمی وه‌رگرتنی خوێندكاران له‌ زانكۆ و په‌یمانگه‌ حكومی و تایبه‌ته‌كان له‌ ژماره‌یه‌ك كه‌سانی شاره‌زا له‌ دیوانی وه‌زاره‌ت و زانكۆكانی هه‌رێم پێكهاتوه‌، واش بڕیاره‌ ده‌قی راپۆرت و پێشنیازه‌كانیان بۆ وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی به‌رز بكه‌نه‌وه‌ تا بڕیاری پێویست له‌وباره‌یه‌وه‌ بدرێت.
 
















زۆرترین بینراوەکان