وه‌زاره‌تى شه‌هیدان داوا له‌ په‌رله‌مان ده‌كات رێگه‌بگرێت له‌ بڕینى مووچه‌ى ده‌یان هه‌زار كه‌س


نەتەوە  |   13:03:18 2018-02-13  |   (724) جار خوێندراوەتەوە

ئه‌ندامێكی لیژنه‌ی ده‌سپاكی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان راده‌گه‌یه‌نێت، وه‌زاره‌تی شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان داواده‌كات په‌رله‌مانی كوردستان رێگه‌نه‌دات مووچه‌ی ده‌یان هه‌زار كه‌س له‌ وارسی شه‌هیدان ببڕدرێت.
A+    A-

 

دوێنێ دووشه‌ممه‌ 12/2/2018، به‌رپرسانی وه‌زاره‌تی شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوانی حكومه‌تی هه‌رێم له‌گه‌ڵ لێژنەی دەستپاكی پەرلەمانی كوردستان كۆبوونه‌وه‌و داوایكرد په‌رله‌مان رێگه‌ به‌ بڕینی مووچه‌ی وارسی شه‌هیدان نه‌دات.


له‌وباره‌شه‌وه‌ نه‌جیبه‌ له‌تیف، ئه‌ندامی لیژنه‌ی ده‌ستپاكی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان رایگه‌یاند "كۆبوونه‌كه‌وه‌ بەمەبەستی تاوتوێكردنی پڕۆژە یاسای چاكسازی لە خانەنشینی و مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەكان لە هەرێمی كوردستان بووه‌و به‌رپرسانی وه‌زاره‌تی شه‌هیدان داوای پێكهێنانی لیژنەی پێداچوونەوە بە تۆماری شەهیدان دەكه‌ن و ده‌یانه‌وێت مووچه‌ی وارسی سه‌هیدان نه‌بڕدێت، چونكه‌ به‌پێی پڕۆژه‌ یاساكه‌ هیچ كه‌سێك نابێت دوو مووچه‌ی هه‌بێت".


ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ رونیشیكرده‌وه‌، به‌رپرسانی وه‌زاره‌تی شه‌هیدان داوایانكردووه‌ كه‌ لێژنه‌یه‌كی په‌رله‌مان پێداچوونه‌وه‌ به‌ مووچه‌ی زیندانیانی سیاسی هه‌رێم بكات، هه‌روه‌ها لێژنه‌یه‌كی یاسایی پێداچوونه‌وه‌ له‌ لیستی شه‌هیدان و جینۆساید بكات.


نه‌جیبه‌ له‌تیف له‌باره‌ی داواكارییه‌كانیان، له‌ درێژه‌ی لێدوانه‌كه‌ی بۆ سایتی دوارۆژ وتی"داواكارییه‌كانیان به‌ له‌ راپۆرته‌كه‌ی خۆماندا ئاماژه‌ پێده‌كه‌ین و بۆ سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان به‌رزده‌كه‌ینه‌وه‌ به‌ مه‌به‌ستی ده‌نگدان له‌سه‌ری".


به‌پێی پڕۆژه‌ یاسای چاكسازیی لە خانەنشینی و مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتی هه‌رێم، مووچه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌بڕدرێت كه‌ زیاتر له‌ مووچه‌یه‌كیان هه‌یه‌، له‌كاتێكدا له‌ هه‌رێمی كوردستاندا 90 هه‌زار كه‌س جگه‌ له‌ مووچه‌كه‌ی خۆیان، مووچه‌ی وارسی شه‌هیدان وه‌رده‌گرن.
















زۆرترین بینراوەکان