عەبدولفەلاح سودانی بە 21 ساڵ زیندانیی سزادرا


نەتەوە  |   20:10:58 2018-02-12  |   (284) جار خوێندراوەتەوە

بە تۆمەتی پشتگوێخستنی ئەرکی حکومی و بەکارهێنانی پۆست، دادگای دەستپاکیی عیراق سزای 21 ساڵ زیندانیی بەسەر عەبدولفەلاح سودانی وەزیری پێشووتری بازرگانی عیراقدا سەپاند.
A+    A-


پێشترو لەساڵی 2012 دا، دادگایەکی دیکەی  عیراقی بەشێوەی غیابی، سزای 7 ساڵ زیندانیی بۆ ناوبراو دەرکردبوو بە تۆمەتی گەندەڵیی دارایی و کارگێڕی، بەتایبەتی لە دۆسێی بەشە خۆراک و هێنانی خۆراکی ماوە بەسەرچوودا.

 

جگە لەو سێ دۆسێیەی کە 21 ساڵ زیندانی لەسەر وەرگرتووە. عەبدولفەلاح سودانی پێنج دۆسێی تری روبەڕوو کراوەتەوە.

 

سودانی سەربە حزبی دەعوەی عیراقە، جگە لە وەزیری بازرگانی، لەسەردەمی کابینەی ئینتیقالیی 2005دا بە سەرۆکایەتیی ئیبراهیم جەعفەری، پۆستی وەزیری پەروەردەی هەبووە.

 

سودانی لە مانگی شەشی 2006دا و دوای پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت بەسەرۆکایەتی نوری مالیکی، دەستلەکارکێشانەوەی ڕاگەیاند لە 2009شدا لەکاتی هەوڵی هەڵاتنی لەفڕۆکەخانەی بەغدا دەستگیرکرا، بەڵام دوای ئازادکردنی بە کەفالەت، عیراقی بەجێهێشت.

 

ئەوەش لەکاتێکدایە کە رۆژی 25ی مانگی رابردوو، دەسەڵاتدارانی عیراق رایانگەیاند:  پۆلیسی نێودەوڵەتی، عەبدولفەلاح سودانی وەزیری پێشووتری بازرگانیی رادەست کردۆتەوە.
















زۆرترین بینراوەکان