عه‌بادی خه‌رجكردنی پاره‌ی موچه‌ راده‌گه‌یه‌نێت و مكانیزمی دابه‌شكردنیشی ئاشكرا ده‌كات


نەتەوە  |   11:14:46 2018-02-07  |   (9,941) جار خوێندراوەتەوە

پەرلەمانتارێکی کورد لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، کاروباری لیژنەکانی وردبینی گەیشتووەتە کۆتایی و هەفتەی داهاتوو ڕاپۆرتی خۆیان بۆ حەیدەر عەبادی بەرز دەکەنەوە، ئاشكراشی ده‌كات، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق جه‌ختیكردۆته‌وه‌، چاوەڕێی ڕاپۆرتی لیژنەی وردبینی دەکەم، کە ڕاپۆرتەکە هات، پارەکە خەرج دەکەم.
A+    A-

 

 کاوە محەمەد، پەرلەمانتاری کورد لە پەرلەمانی عێراق لە میانی به‌شداریكردنی له‌ به‌رنامه‌یه‌كی كه‌ناڵی ئێن ئاڕ تی رایگه‌یاند، خۆپیشاندانی مامۆستایان بۆ بەردەم نوسینگەی پەرلەمانی عێراق، ئەمە یەکەمجار نییە و پێشتریش چەندجاری تر چونەتە بەردەم نوسینگەی پەرلەمان و داوایان لە حکومەتی عێراق کردووە کێشەی مووچەیان بۆ چارەسەر بکات "ئەمەش بەڵگەی ئەوەیە کە مووچەخۆران بێ ئومێد بوون لە حکومەتی هەرێم".


وتیشی "حکومەتی هەرێم هیچ پلان و بەرنامەیەکی نییە، کێشەی مووچەی خەڵک چارەسەر بکات، هیوادارین کە حکومەتی عێراق ئەویش خەڵک بێ ئومێد نەکات".


کاوە محەمەد ئه‌وه‌شی خستۆته‌ڕوو، لەماوەی ڕابردوودا بەردەوام خەمی سەرەکیمان ئەوەبوو کە حکومەتی عێراق مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بدات، لەماوەی پێشوشدا لەکۆبونەوەمان لەگەڵ عەبادی پێمان وت، کە کەی مووچەی وەزارەتی پەروەردە و تەندروستی دەنێریت.


رونیشیكرده‌وه‌، "گرفتی گەورەمان ئەوەیە کە پێشتر هیچ زانیارییەکمان بەدەستنەگەیشتووە لە بارەی ژمارە و پلەی وەزیفی مووچەخۆرانەوە، نازانین چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو بەشە بودجەیەدا کراوە کە لە عێراقەوە نێدراوە".


ئاشكراشیكرد، حەیدەر عەبادی وتویەتی، چاوەڕێی ڕاپۆرتی لیژنەی وردبینی دەکەم، کە ڕاپۆرتەکە هات، پارەکە خەرج دەکەم، هەروەها وتیشی، مووچە بەو میکانیزمەی خۆم دەمەوێت دەینێرم نەک بەوەی کە پێشتر نێدراوە، حکومەتی هەرێم مامەڵەیەکی بێسەروبەری پێوە کردووە، لەمەودوا ئەوەی من دەمەوێت بینێرم دەمەوێت بۆ خەڵک بچێت نەک بۆ گیرفانی حزب بچێت.
















زۆرترین بینراوەکان