وێنە... ئامارێکی رۆژنامەی مارکا، رکابەرەکانی یانەی بەرشەلۆنە تووشی شۆک دەکات


نەتەوە  |   16:42:12 2018-01-29  |   (322) جار خوێندراوەتەوە

رۆژنامەی مارکای ئیسپانی و نزیک لە یانەی ریاڵ مەدرید، ئامارێکی لەسەر داوەرەکانی ئیسپانیا لەیارییەکانی بەرشلۆنەدا بڵاوکردووەتەوەو بەگوێرەی ئەو رۆژنامەیە نزیکەی دوو ساڵە ھیچ لێدانێکی سزا لەسەر بەرشەلۆنە ھەژمار نەکراوە.
A+    A-


لەو رووەشەوە رۆژنامەکە دەنووسێت: لە 2016/2/14ەوە کە نزیکەی دوو ساڵ دەکات، داوەرەکانی ئیسپانیا ھیچ لێدانێکی سزایان لەسەر بەرشلۆنە بۆ یانەکانی رکابەری ھەژمار نەکردووە و ئەوەش وەک حاڵەتێکی شۆکھێنەرو گوماناوی بۆ بەشێکی زۆری عاشقانی تۆپی پێ و بەتایبەت رکابەرەکانی بەرشلۆنە دەبینرێت کە گومانیان لە رۆڵی داوەرەکان ھەیە.

 

پێدەچێت ئەوەی زیاتر ئەو رۆژنامەیەی هاندابێت کە ئەو راپۆرتە ئامادەبکات، ئەوەبێت کە شەوی رابردوو لە ڕووبەڕووبوونەوەی نێوان یانەی بەرشلۆنەو دیپۆرتیڤۆ ئالاڤێس لەسەر یاریگای نیو کامپ کە بە ئەنجامی 2×1 یارییەکە لە سوودی کەتەلۆنییەکان کۆتاییھات، لە خولەکی 89 دا ھێرشبەرێکی یانەی خانەخوێ تۆپێکی ئاڕاستەی گۆڵی بلاوگرانا کرد، بەڵام بەر دەستی ساموێل ئۆمتیتی بەرگریکار کەوت و حاڵەتەکەش لەنێو ھێڵی سزادا روویدا، بەڵام داوەر ھیچ کاردانەوەیەکی نەبوو و یاریزانەکان داوای لێدانی سزایان کرد.

 

دوای کۆتاییھاتنی یارییەکەش چالاکوانانی تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی وێنەی حاڵەتەکەیان بڵاوکردەوەو توانجیان لە بڕیارەکانی ئەو داوەرەو بەشێکی زۆر لە داوەرانی خولی ئیسپانیا گرت و رەخنەی توندیان ئاڕاستە کردن.

 

هەر بەپێی ئەو راپۆرتەی کە لە"مارکا"دا بڵاوکراوەتەوە لە ماوەی 74 یاریی رابردوودا بەرشە ھیچ لێدانێکی سزای لەسەر ھەژمارنەکراوە، بەپێچەوانەشەوە 32 لێدانی سزای بۆ ھەژمارکراوە.

 

لە راپۆرتەکەدا ئاماژەش بەوە کراوە کە لە 2016/2/14ەوە 211 لێدانی سزا لە خولی ئیسپانیا ھەژمارکراوە، کە تەنھا یەک لێدانیشیان لە دژی بەرشلۆنە نەبووە.
















زۆرترین بینراوەکان