ئەنفلۆنزای باڵندە لە شارەكانی عیراق بڵاوبۆتەوە


نەتەوە  |   16:12:06 2018-01-25  |   (287) جار خوێندراوەتەوە

بەهۆی بڵاوبونەوەی ئەنفلۆنزای باڵندەوە لە گێڵگە پەلەوەرییەكانی  هەندێک شاری عیراق، زیاتر لە 200 هەزار مریشك لەناوبراون و حکومەتی بەغداش لەوبارەیەوە روونکردنەوە دەدات.
A+    A-


سەرەتای ئەم مانگە یەكە ئیدارییەكانی دیالە بڵاوبونەوەی پەتای ئەنفلوەنزای باڵندەیان لەچەند كێڵگەیەكی پەلەوەریی پارێزگاكەدا راگەیاندو هەندێك رێوشوێنیشیان گرتەبەر، بەڵام هێشتا نەتوانراوە كۆنترۆڵ بكرێت ئاماژە بەوەش کراوە کە بۆ چەند ناحیەیەكی دیکە تەشەنەی سەندووە.

 

لەیس لفتە خاوەنی یەکێک لە کێڵگە پەلەوەرییەکانی پارێزگای دیالە لەوبارەیەوە دەڵێت: "دەمانەوێت هاوكاریی بكرێین بۆئەوەی زیانی زیاترمان پێنەگات و پەتاكەش زیاتر تەشەنە نەسێنێت"، ئەوەش لەکاتێکدایە کە هەفتەی رابردوو 35 هەزار مریشکی کێڵگەکەی لەلایەن ڤێتێرنەرییەوە لەناوبراوە.

 

بەپێی ئامارێكی لیژنەی تەندروستی ئەنجومەنی پارێزگای دیالەش زیاتر لە 200 هەزار پەلەوەر لەناوبراون، دوای تووشبونیان بەو نەخۆشییە.

 

زاهد تاهیر، سەرۆكی ئەو لیژنەیە بە ماڵپەڕی کەرکوک ناو-ی راگەیاندووە: سەرەتا كێڵگەكانی پەلەوەر لە ناحییەكانی جەدید شەت و عەبارە بڵاوبۆتەوەو لەو دوو ناحیەیەش 150 هەزار پەلەوەر لەناوبران.

روونیشیکردۆتەوە کە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكان بە وردی بە دواداچوون بۆ ئەو بابەتە دەكەن و لەهەر كێڵگەیەكیش مەترسی هەبێت پەلەوەرەكان لەناودەبرێن.

 

بەپێی پشكنینی لیژنە تەندروستییەكانی ئەو پارێزگایەش پەتاكە لەو جۆرە نییە كە لەپەلەوەرەوە بۆ مرۆڤ بگوازرێتەوە.

 

ئاماژەشی بەوە داوە کە بەپێی دواین زانیاریی كە پێیان گەیشتووە پەتاكە لە هەردوو شارەدێی هبهب و حەدیس-یش لە پارێزگای دیالە بڵاوبۆتەوە".

 

ئەمین ئیبراهیم، خاوەنی گەورەترین كێڵگەی پەلەوەرەیش لە خانەقین رایگەیاندووە: بەشێوەیەكی بەردەوام تیمەكانی ڤێتەرنەری سەردانی كێڵگەكان دەكەن و پشكنین دەكەن، هەرچەندە تائێستا پەتاكە نەگەیشتۆتە خانەقین، بەڵام دەڵێت: "ترسمان هەیە".

 

هەرلەوبارەیەشەوە بەڕێوەبەری ڤێتەرنەری خانەقین، دەڵێت: "تیمێكی پسپۆڕ پێكهێنراوە بۆ بەدواداچوون لە كێڵگە پەلەوەرییەكانی قەزاكەو دڵنیاییشی داوە لەوەی تائێستا نەخۆشییەكە نەگەیشتۆتە خانەقین".
















زۆرترین بینراوەکان