تاران بەڵێنی چارەسەركردنی كێشەی هەولێر و بەغدا بە نێچیرڤان بارزانی دەدات


نەتەوە  |   09:32:13 2018-01-22  |   (284) جار خوێندراوەتەوە

دوای چەندین مانگ لە بڕینی پەیوەندییە دیبلۆماسی و ئابوورییەكانی لەگەڵ باشووری كوردستان، دواجار كۆماری ئیسلامی ئێران لەسەر ئاستی باڵا پێشوازی لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و شاندێكی یاوەری كرد، بەرپرسانی تاران ئامادەیی خۆشیان بۆ نێوبژیوانی نێوان هەولێر و بەغدا نیشان دا.
A+    A-

 

له‌وباره‌یه‌وه‌ نازم دەباغ، نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە تاران رایگەیاند "سەردان و دیدارەكان لەگەڵ بەرپرسانی ئێران، زۆر گرنگ بوو، لە هەموو دیدارەكان پشتیوانی ئێران بۆ مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان دووپاتكرایەوە".


لە سەردانەكەی رۆژی یەكشەممەدا شاندی باڵای حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ هەر یەك لە حەسەن رۆحانی، سەرۆككۆماری ئێران، عەلی لاریجانی، سەرۆكی پەرلەمان و عەلی شەمخانی، سكرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی كۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە.


بەپێی راگەیەندراوێكی حكومەتی هەرێمی كوردستانحەسەن رووحانی "پاراستنی پەیوەندییەكانی هەولێر و تارانی بەپێویست زانیوە بەتایبەتی كە هەرێمی كوردستان گرنگی بە ئاسایشی ئێران و ناوچە سنوورییەكان دەدات، خوازیاریش بوو سەقامگیری لە ناوچەكە جێگیر ببێت و خەڵكی هەرێمی كوردستان لە خۆشگوزەرانیدابن".


نازم دەباغ كە یەكێك بوو لە بەشداربووانی سەردان و دیدارەكان به‌سایتی روداوی راگه‌یاندووه‌، "دووپات لەوە كرایەوە كە ئێران هاندەرێكی باشی حكومەتی بەغدا دەبێ بۆ ئەوەی گەماڕۆكانی سەر هەرێمی كوردستان لاببات، بە نێچیرڤان بارزانییان وت، لەهەركات و شوێنێك پێویستتان بە هاوكاری ئێران هەبوو، ئێمە درێغی ناكەین لە هاوكاریكردنتان، چاوەڕوانیش دەكرێت دواتر ئێران لەگەڵ عەبادی پەیوەندی هەبێ بۆ ئەوەی دانوستاندنەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستان، ئەنجامیان هەبێ".


بەپێی بەیاننامەیەكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی سەردانەكە "سەرۆككۆماری ئێران، چارەسەركردنی كێشەكان و فەراهەمكردنی مافەكانی خەڵكی كوردستان و هەموو پێكهاتەكانی دیكەی عێراق‌ لەسەر بنەمای دەستوور بە‌ پێویست زانیوە، لەوبارەیەشەوە دەستخۆشی لە شاندی هەرێمی كوردستان كرد كە لە بەغدا بووە و گفتوگۆیان لەسەر كێشە‌ هەڵواسراوەكان دەستپێكردووە".


لای خۆشیه‌وه‌ عەلی شەمخانی سكرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی كۆماری ئیسلامیی ئێران جه‌ختیكردۆته‌وه‌ "پشتیوانی لە سیاسەتی نوێی هەولێر دەكەین".


دوایین كۆبوونەوەی شاندی باڵای حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ عەلی لاریجانی، سەرۆكی پەرلەمانی ئێران بوو، سەرۆكی پەرلەمانی ئێران پشتگیریی وڵاتەكەی بۆ ئەو گفتوگۆیانە‌ دەربڕی كە بەمدواییانە لەنێوان هەولێر و بەغدا بۆ چارەسەركردنی كێشەكان دەستیانپێكردووە، هیواشی خواستووە تەواوی كێشە هەڵواسراوەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵ بەڕێگەی گفتوگۆ و دیالۆگ و لەسەر بنەمای دەستوور چارەسەربكرێن و مافە دەستوورییەكانی خەڵكی هەرێمی كوردستان و تەواوی پێكهاتەكانی عێراق دابینبكرێن.


وا بڕیاربوو ئەمڕۆ دووشەممە 22/1/2018 نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی كۆماری ئیسلامیی ئێران كۆببێتەوە، بەڵام بەپێی قسەی نوێنەری حكومەتی هەرێمی كورردستان لە تاران بەهۆی خشتەی كارەكانیانەوە، نەیانتوانی بمێننەوە و گەڕایەوە بۆ هەرێمی كوردستان.
 
















زۆرترین بینراوەکان