کەشناسی وادەی کۆتایی خۆڵبارین و سەرەتای شەپۆلێکی تری باران ئاشکرا دەکات


نەتەوە  |   20:39:20 2018-01-21  |   (1,770) جار خوێندراوەتەوە

بەرپرسێکی کەشناسی وادەی کۆتایی هاتنی "خۆڵبارین" ئاشکرا دەکات و رایدەگەیەنێت کە لەو وادەیە بەدواوە "بارانبارین" دەستپێدەکات.
A+    A-

بژار ئەکرەم بەڕێوەبەری بەشی پێشبینییەکانی کەش و هەوا لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بومەلەرزەزانیی هەرێم بە سایتی خەندان- ی راگەیاندووە دوابەدوای ھاتنی ئەو شەپۆلی بارانبارینەی کە  ھەرێمی کوردستان گرتەوە، لەگەڵ بارانەکەدا کاریگەریی بارستە ھەوایەکی خۆڵاوی رووی لە ھەرێمی کوردستان کرد کە سەرچاوەکەی باشووری عیراق و نیمچە دوورگەی عەرەبی بوو و دەشڵێت: "ئێستا مەودای بینین لە زۆربەی ناوچەکاندا بەرەو باشتر دەڕوات و ئەمشەو خۆڵبارینەکە بەرەو کەمبوونەوە دەچێت و لەسبەینێ دوو شەممە 2018/1/22شەوە بەتەواوی نامێنێت.

 

هەروەها دەڵێت: " ئێستا کاریگەرییەکەی زۆرتر لەو ناوچانەدا ماوە کە کەمتر بارانی لێ باریووە، بەتایبەتی لە ھەولێرو ھەندێک لە ناوچەکانی پارێزگای دھۆکیش، بەڵام ئەو ناوچانەی بارانیان لێ باریووە کاریگەرییەکەی کەمتر ماوە".

 

سەبارەت بە بارانبارینیش  ناوبراو روونیکردۆتەوە  کە بەپێی پێشبینییەکان رۆژی چوارشەممە دووبارە شەپۆلێکی بەفرو باران روو لە ھەرێم دەکاتەوەو باران  بەشێوەیەکی پچڕ پچڕ و مامناوەند لەسەنتەری شارەکاندا دەبارێت و لەناوچە شاخاوییەکانیشدا بەفر دەبارێت.

 

هەروەک ئاماژەی بەوە داوە کە بەپێی پێشبینییەکان رۆژی پێنجشەممە کاریگەرییەکەی نامێنێت و  رۆژی ھەینی دووبارە شەپۆلێکی تری بارانبارین روو لەھەرێم دەکاتەوە.
















زۆرترین بینراوەکان