یه‌كگرتوو له‌باره‌ى كشانه‌وه‌ له‌حكومه‌تى خۆجێى پارێزگاكان بڕیاریدا


نەتەوە  |   14:25:10 2018-01-19  |   (260) جار خوێندراوەتەوە

به‌رپرسێكی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، بڕیاره‌كه‌ی یه‌كگرتوو بۆ كشانه‌وه‌ له‌ كابینه‌ی هه‌شته‌می حكومه‌تی هه‌رێم، حكومه‌ته‌ خۆجێییه‌كان ناگرێته‌وه‌، جه‌ختیشده‌كاته‌وه‌ "هیچ گه‌ره‌نتییه‌كمان بۆ ده‌ركردنی نوێنه‌ره‌كانمان له‌حكومه‌تی خۆجێی وه‌رنه‌گرتووه‌"
A+    A-


فه‌رهاد یاسین، ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان به‌سایتی دواڕۆژی راگه‌یاندووه‌، "بڕیاره‌كه‌ی یه‌كگرتوو ته‌نیا بۆ كشانه‌وه‌یه‌ له‌ كابینه‌ی هه‌شته‌می حكومه‌تی هه‌رێم و نامانه‌وێت له‌ حكومه‌تی خۆجێیی پارێزگاكاندا بكشێینه‌وه‌.


وتیشی: "نوێنه‌رانی یه‌كگرتوو له‌حكومه‌تی خۆجێی ده‌مێننه‌وه‌، چونكه‌ وه‌رگرتنی پۆسته‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكاندا بووه‌."


فه‌رهاد یاسین له‌باره‌ی ده‌ركردنی نوێنه‌ره‌كانیان له‌و حكومه‌ته‌ خۆجێییه‌كان، وتی "ئێمه‌ داوامان له‌ حكومه‌ت كردووه‌ كه‌ موراعاتمان بكرێت، چونكه‌ چه‌ند ساڵێكه‌ له‌ حكومه‌ت به‌یه‌كه‌وه‌ین و رێگه‌ له‌ به‌شداریمان له‌ حكومه‌ته‌ خۆجێییه‌كان نه‌گیرێت، به‌ڵام هیچ گه‌ره‌نتییه‌كمان وه‌رنه‌گرتووه‌ و نازانین دوای كشانه‌وه‌مان له‌ حكومه‌ت نوێنه‌رانمان ده‌نێردرێنه‌وه‌ ماڵه‌وه‌ یان نا".


یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان له‌ پاێزگای دهۆك و سلێمانی چه‌ندین پۆستی به‌ڕێوه‌به‌رو به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی و ناحیه‌كانیان پێدراوه‌، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵ لیستی خزمه‌تیان پێكهێناوه‌ له‌ هه‌ولێر هیچ پۆستێكیان له‌ حكومه‌تی خۆجێی پێنه‌دراوه‌، ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌ ئه‌و حزبه‌ له‌ 16ی كانوونی دووه‌می 2018 بڕیاریدا له‌ حكومه‌تی هه‌رێم بكشێته‌وه‌.
 
















زۆرترین بینراوەکان