وەزیری دارایی لەبارەی دابه‌شكردنی موچه‌ و گەڕاندنەوەی پاشەکەوت بۆ مووچەخۆران رونكردنه‌وه‌ ده‌دات


نەتەوە  |   16:13:18 2018-01-18  |   (6,832) جار خوێندراوەتەوە

وەزیری دارایی و ئابووریی حکوومەتی ھەرێم مژده‌یه‌ك ده‌داته‌ موچه‌خۆرانی هه‌رێمو رایده‌گه‌یه‌نێت، "ئومێدێکی زۆرم ھەیە بەوەی لەگەڵ حکوومەتی عێراق بگەینە رێککەوتن"، هاوكات داوا له‌ ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌كات به‌رگری له‌ پرۆژه‌ی چاكسازی حكومه‌ت بكه‌ن.
A+    A-

 

رێباز حەملان، وەزیری دارایی و ئابووریی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان له‌ لێدوانێكدا بە رادیۆ دەنگی ئەمریکای راگەیاندووە، وەزارەتەکەی لیستی ھەموو مووچەخۆرانی ئامادە کردووە بۆ ئەوەی بینێرێتە بەغدا،  جه‌ختیشده‌كاته‌وه‌، "ئومێدێکی زۆرم ھەیە بەوەی لەگەڵ حکوومەتی عێراق بگەینە رێککەوتن".


رێباز حەملان ھەروەھا رایگەیاندووە، تا ئێستا ھیچ شتێکی وا نەھاتۆتە پێش بۆ نەدانی مووچە، ”ھەوڵدەدەین لەمساڵدا بەردەوام بین لە پێدانی مووچە".


وەزیری دارایی و ئابووری ئاماژەی بە پاشەکەوتی مووچە کردووە و رایگەیاندووە، پاشەکەوت بەھۆی بەرەدەست نەبوونی داھاتە و لە ئەگەری رێککەوتنی ھەولێر و بەغداش لەبارەی بودجە، ئەوا ھیچ پاساوێک بۆ پاشەکەوتکردن نامێنێتەوە.


وتیشی: "مووچەی فەرمانبەران بەپێی یاسایە بۆیە ھەرکات داھاتی پێویست لەبەردەست بوو فەرمانبەران مافی خۆیانە ھەموو پاشەکەوتی مووچەکانیان وەربگرنەوە".


رێباز حەملان، کە لەسەر لیستی بزووتنەوەی گۆڕان ئەو وەزارەتەی وەرگرت و دواتر وازھێنانی خۆی لە بزووتنەوەکە راگەیاند و وەک کەسایەتییەکی سەربەخۆ، جارێکی دیکە گەڕایەوە وەزارەت، هێمای بۆ ئه‌وه‌شكردووه‌، ٧٠٠ ملیۆن دۆلاری حکوومەت لای ”ھەندێک وبەرھێنەرە“، کە زەوی و پارەیان بەخۆڕایی پێ دراوە.


ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، پرۆژەیاسای چاکسازی، ئەگەر بە تەواوی جێبەجێ بکرێت، ئەوا ١٥٠ ملیار دینار بۆ خەزێنەی حکوومەت دەگەڕێنێتەوە، ھیواشی خواست ئەو پەرلەمانتارانەی ”ماوەی چوار ساڵە لە راگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان باس لە دادپەروەری و مافی خەڵک دەکەن، بەرگری لەم پرۆژەیە بکەن“.
 
















زۆرترین بینراوەکان