دوو حزب خۆیان بۆ هەڵبژاردنەکانی عێراق یه‌كلایی كرده‌وه‌


نەتەوە  |   14:08:41 2018-01-14  |   (160) جار خوێندراوەتەوە

بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان بڕیاری دا بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراق نەکات و رایگەیاند، بە لیستی سەربەخۆ ناچێتە نێو گەمەیەکی عێراقییانەوە، هاوكات بزاڤی چاكسازی و گەشە لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرای كرد، بەشداری ناكه‌ن لە هیچ هاوپەیمانییەك بۆ هەڵبژاردنەكانی عێراق.
A+    A-

 

لە راگەێیندراوێکدا بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان رایگەیاند: "ئێمە لە سەرەتاوە داوامان لە هێزە سیاسییەکانی کوردستان کردووە بۆ لادان یان راستکردنەوەی ئەدا و سیاسەتی ئەم نوخبە دەسەڵاتدارە شکستخواردووەی کوردستان، پێویستە حیزبەکانی ئۆپۆزیسیۆن و دەرەوەی دەسەڵات هاوپەیمانێتی هاوبەش پێکبهێنن بۆ کۆتاییهێنان بە چارەکە سەدەیەک ستم و گەندەڵی، بەڵام بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو هەڕەشانەی لەسەر دەستکەوتەکانی کورد و قەوارەی سیاسیی هەرێمی کوردستان هەیە، پێویستە هەموو لایەکمان یەکگرتووبین و شکست بە پیلان و هەڕەشەکان بهێنن".


بزووتنەوەی ئیسلامی ئاماژە بەوەش دەکات، لە چەند رۆژی رابردوودا بزووتنەوەی ئیسلامی داواکاری هەموو ئەو لایەنانەی رەتکردووەتەوە کە هەریەکەیان بە جیا داوای هاوپەیمانێتییان لێکردووە. 


بۆ هەڵبژاردنەکانیی پەرلەمانی عێراق و ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق کە بڕیارە لە 12-5-2018  پێکەوە ئەنجامبدرێن، پێشنیازێک هەبوو هەموو لایەنە کوردستانییەکان بە یەک لیست  بەشداری بکەن، بەڵام پێشنیازەکە جێبەجێ نەکرا.


له‌لایه‌كی تره‌وه‌ بزاڤی چاكسازی و گەشە لە راگەیەندراوێكدا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، پاش وەرگرتنی دیدوبۆچونی ئەندامانی ئەنجومەنی نیشتمانی بزاڤی چاكسازی و گەشە دەربارەی بەشداری لە هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراق بەتایبەت لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان و نەبوونی هاوپەیمانییەك لەنێوان هەموو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بۆ بەشداریكردن بە یەك هاوپەیمانی، بڕیارمان دا بەشداری نەكەین لە هیچ هاوپەیمانییەك بۆ هەڵبژاردنەكانی عێراق.


رونیشیدەكاتەوە، بەرپرسیار نابین لەو شكستەی بەهۆی نەبوونی یەكلیستی تووشی ئەو ناوچانە دەبێت و دەنگێكی زۆری كوردستانیان بە فیڕۆ دەڕوات و رێژەی كورسییەكانی كوردستان كەم دەبێت.


ئاشكراشیدەكات، چۆن لە 16 ئوكتۆبەر تووشی شكستی سەربازی و ئیداری بووین لەو ناوچانە ئەمجارەش تووشی شكستیێكی نوێ دەبینەو و ئەندامان و لایەنگرانیش ئازادن لە دەنگدان لەبەر هەستیاری ئەو ناوچانە.

 
















زۆرترین بینراوەکان