حكومه‌تی هه‌رێم بڕیاری به‌خه‌رجكردنی ئه‌م پاره‌یه‌ دا


نەتەوە  |   12:04:30 2018-01-14  |   (726) جار خوێندراوەتەوە

حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بڕیاریدا پاره‌ بۆ خوێندكارانی‌ تواناسازی‌ خه‌رجبكات و وه‌زاره‌تی‌ خوێندنی‌ باڵاو توێژینه‌وه‌ی‌ زانستیش بڕی‌ پاره‌ی‌ ته‌رخانكراویش ئاشكراده‌كات و زانیاری ورد له‌باره‌یه‌وه‌ ده‌خاته‌ڕوو.
A+    A-

 

به‌پێی‌ ڕاگه‌یه‌نراوێكی‌ وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی، "حكومه‌تی‌ هه‌رێم بڕی‌ 947 هه‌زارو 827 دۆلاری ئه‌مریكی وه‌ك شایسته‌ی دارایی خوێندكارانی به‌رنامه‌ی تواناسازی ڕاگه‌یاندوه‌، كه‌ ئێستا به‌رده‌وامن له‌خوێندن و تێیدا 40 خوێندكاری تواناسازی سودمه‌ند ده‌بن له‌ وه‌رگرتنی‌ ئه‌و پاره‌یه‌".


لای خۆشیه‌وه‌ عه‌باس ئه‌كره‌م وته‌بێژی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی ڕِایگه‌یاندوه‌، "دوای ئه‌وه‌ی ڕه‌زامه‌ندی له‌سه‌ر خه‌رجكردنی بڕی 30 ملیۆن دۆلار بۆ خوێندكارانی تواناسازی درا، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ لیژنه‌ی دابه‌شكردنی شایسته‌ داراییه‌كانی خوێندكارانی به‌رنامه‌ی تواناسازی بڕیاریدا به‌خه‌رجكردنی لیستی یه‌كه‌می ساڵی 2018".


ئه‌وه‌شی‌ باسكردوه‌، له‌و چوارچێوه‌یه‌دا وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا سه‌رجه‌م ئه‌و خوێندكارانه‌ی به‌رنامه‌ی تواناسازی ئاگادارده‌كاته‌وه‌‌ كه‌ ناویان له‌لیستی ژماره‌ (1)ی ساڵی (2018)ی هاوپێچدا هاتوه‌و ژماره‌یان (40) خوێندكاره‌، خۆیان یان بریكاره‌كانیان (وه‌كیل) سه‌ردانی ژوری ژماره‌ (56) له‌دیوانی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا بكه‌ن بۆ وه‌رگرتنی چه‌كی سه‌رفكردنی شایسته‌ داراییه‌كانیان.


ئه‌وه‌شی‌ ڕونكردۆته‌وه‌، پێشوتر له‌چه‌ندیدن قۆناغی جیادا وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی بڕی 19 ملیۆن دۆلاری ئه‌مریكی خه‌رجكردوه‌.


جه‌ختیشكراوه‌ته‌وه‌، "پێویسته‌ ئه‌وانه‌ی ناویان له‌لیستی هاوپێچدا هاتوه‌، به‌گوێره‌ی‌ ڕیزبه‌ندی ناوه‌كانیان له‌ڕۆژی دیاریكراودا سه‌ردانی دیوانی وه‌زاره‌ت بكه‌ن بۆ وه‌رگرتنی چه‌كی پاره‌، خوێندكار ئه‌گه‌ر خۆی سه‌ردانی وه‌زاره‌ت بكات بۆ وه‌رگرتنی شایسته‌ داراییه‌كانی پێویسته‌ پاسپۆرتی ئه‌سڵی‌ و كۆپی ڕه‌نگاو ڕه‌نگی لاپه‌ڕه‌ی یه‌كه‌می پاسپۆرت له‌گه‌ڵ خۆی بهێنێت".


ئاماژه‌ به‌وه‌شكراوه‌، بریكار (وه‌كیل)ی خوێندكار پێویسته‌ وێنه‌یه‌كی ڕه‌نگاو ڕه‌نگی بریكارنامه‌ (وه‌كاله‌ی گشتی) بڕواپێكراوبێت و نوێ بێت، به‌لایه‌نی زۆر، ساڵێكی به‌سه‌ردا تێپه‌ڕنه‌بوبێت و بۆی (مصدق) كرابێت، له‌هه‌مانكاتدا پێویسته‌ بریكار وێنه‌یه‌كی ڕه‌نگاوڕه‌نگ له‌ناسنامه‌ی باری شارستانی، یان ڕه‌گه‌زنامه‌ی عیراقی له‌گه‌ڵ خۆیدا ببات.


هه‌روه‌ك ڕێنمایی بریكاریش كراوه‌، ((ئه‌گه‌ر خوێندكار له‌و ڕۆژه‌ی بۆی دیاریكراوه‌ خۆی یان بریكاره‌كه‌ی نه‌چێت بۆ وه‌زاره‌ت بۆ وه‌رگرتنی چه‌ك، پێویسته‌ دوای 7-3-2018 سه‌ردانی وه‌زاره‌ت بكات بۆ وه‌رگرتنی چه‌ك، چونكه‌ زنجیره‌ی ڕۆژه‌كان له‌گه‌ڵ بانك ڕێكخراوه‌و گۆڕانكاریی تێدا ناكرێت)).
 


















زۆرترین بینراوەکان