ئه‌مریكا بڕیارێكی گرنگ له‌باره‌ی رۆژئاوای كوردستان ده‌دات


نەتەوە  |   11:10:39 2018-01-14  |   (178) جار خوێندراوەتەوە

شاندێكی باڵای وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا سه‌ردانی رۆژئاوای كوردستانیان كردووه‌ و له‌باره‌ی پرسێكی تایبه‌ت كۆبوونه‌ته‌وه‌، به‌پێی وته‌ی سه‌رچاوه‌یه‌كی به‌رپرسیش چاوه‌ڕوان ده‌كرێت هه‌فته‌ی داهاتوو ئه‌مریكا بڕیارێكی گرنگ له‌باره‌ی ئه‌و به‌شه‌ی كوردستانه‌وه‌ بدات.
A+    A-

 

ئاژانسی ئه‌نادۆڵی توركی له‌ راپۆرتێكدا بڵاویكرده‌وه‌، ئه‌و شانده‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا به‌ سه‌رۆكایه‌تی ماكس مارتۆن رۆژی هه‌ینی 12ی كانونی دووه‌م سه‌ردانی ناوچه‌كه‌یان كردوه‌ و له‌گه‌ڵ ئاڵدار خه‌لیل جێگری هاوسه‌رۆكی یه‌په‌ده‌، شاھین جیلۆ فه‌رمانده‌ی گشتی ھێزه‌كانی سوریای دیموكرات (ھه‌سه‌ده‌)و ژماره‌یه‌ك لێپرسراوی كانتۆنه‌كانیش كۆبوونه‌وه‌.


له‌و دیداره‌دا ئه‌ندامانی یه‌په‌ده‌ له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی ئه‌مریكی سه‌باره‌ت به‌ دامه‌زراندن و چۆنیه‌تی به‌رێوه‌بردنی سیستمی فیدراڵی له‌ سوریا گفتوگۆیان كردووه‌.


ئه‌و شانده‌ ئه‌مریكییه‌ دوای دیدار له‌گه‌ڵ فه‌رهاد عه‌بدی ناسراو به‌ شاهین جیلۆ، فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات له‌ كۆبانی، له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌نی ره‌ققه‌ كۆبوونه‌ته‌وه‌ و سه‌باره‌ت به‌ بنیاتنانه‌وه‌ و نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی شاره‌كه‌ گفتوگۆیان كردووه‌.


چوونی ئه‌و شانده‌ بۆ رۆژئاوی كوردستان له‌كاتێكدایه‌ كه‌ ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وپێش هه‌واڵێك له‌سه‌ر دامه‌زراندنی فڕۆكه‌خانه‌یه‌ك له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌ بۆ هێزه‌ ئه‌مریكیه‌كان بڵاوبوه‌وه‌.


لای خۆشیه‌وه‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی به‌رپرس له‌ رۆژئاوای كوردستان به‌ سایتی دواڕۆژی راگه‌یاندووه‌، "بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی دوخی ئێستای باكوری سوریا و داننان به‌ سیستمی سیاسی رۆژئاوی كوردستان، ئه‌و شانده‌ی ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ چه‌ندین كه‌سایه‌تی كورد و عه‌ره‌بی باكوری سوریا كوبوونه‌ته‌وه‌.


وتیشی "ئه‌و شانده‌ به‌ به‌رپرسانی خۆسه‌ری دیموكراسیان راگه‌یاندووه‌، هه‌موو ئاماده‌كارییه‌ك ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی رۆژانی 17 تا 20 ئه‌م مانگ شاندێكی دیبلۆماتكاری ئه‌مریكا سه‌ردانی رۆژئاوای كوردستان بكات و به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی دان به‌ ده‌سه‌ڵاتی سیاسی رۆژئاوای كوردستان بنێن".


پێشتریش دەیڤید سەتیرفێڵد، یاریده‌رده‌ری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوه‌راست، له‌دوایین روونكردنه‌وه‌یدا سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵوێستی دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی ویلایه‌تی یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا، وتی "سیاسه‌تی سه‌رۆك به‌رامبه‌ر باكوری سوریا نه‌گۆڕاوه‌ و هاوكاری ئه‌مریكا بۆ هێزه‌كانی سوریا دیموكرات به‌رده‌وام ده‌بێت".


















زۆرترین بینراوەکان