شاندی هه‌رێم بۆ به‌غدا راگه‌یه‌نراوێكی بڵاوكرده‌وه‌


نەتەوە  |   18:48:43 2018-01-13  |   (760) جار خوێندراوەتەوە

شاندێكی حكومه‌تی هه‌رێم به‌ سه‌رۆكایه‌تی وه‌زیری ناوخۆ كه‌ سه‌ردانی به‌غدای كردووه‌، باس له‌ هه‌ڵوێستی ئه‌رێنی حكومه‌تی عێراق ده‌كات له‌ باره‌ی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی فڕۆكه‌خانه‌ و ده‌روازه‌ سنوریه‌كانی هه‌رێم.
A+    A-

 

شاندی هەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتیی کەریم شنگالی، وه‌زیری ناوخۆ راگەیێندراوێکی لەبارەی ئەنجامی کۆبوونەوەکانیان لە بەغدا بڵاوکردەوە.


 لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە:  "قاسم ئەعرەجی، وەزیری ناوخۆی عێراق پێداگرتنی حەیدەر عەبادی، سه‌رۆكوەزیرانی عێراقی له‌سه‌ر چاره‌سه‌ركردنی کێشەی فڕۆکەخانەکان و دەروازە سنوورییەکان و بەنداوەکان‌ و گێڕانه‌وه‌ی چالاكییه‌كان بۆ ئه‌و داموده‌زگا و دامه‌زراوانه دەربڕی"‌.

ئه‌وه‌ش راگه‌یه‌نراوه‌ كه‌ رۆژی دووشه‌ممه‌ له‌ هه‌ولێر كۆبوونه‌وه‌یه‌كی تر ئه‌نجام ده‌درێت به‌ مه‌به‌ستی ئاماده‌كردنی كۆنووسێك به‌و چاره‌سه‌رانه‌ی رێككه‌وتنی له‌سه‌رده‌كرێت.


دەقی راگەیێندراوەکە:


به‌مه‌به‌ستی جێبه‌جێكردنی فه‌رمانی دیوانی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران ژماره‌(137) ساڵی 2017 كه‌ به‌ڕێز سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران دكتۆر حه‌یده‌ر عه‌بادی لێژنه‌یه‌كی باڵای به‌و فه‌رمانه‌ دروستكرد بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ هونه‌رییه‌كان له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان تایبه‌ت به‌ ده‌روازه‌ سنوورییه‌كان و فڕۆكه‌خانه‌كان و‌ به‌ڕێوه‌بردنی به‌نداوه‌كان بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ سه‌ر له‌به‌یانی رۆژی شه‌ممه‌ رێككه‌وتی 13/01/2018، وه‌فدێك له‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌سه‌رۆكایه‌تی به‌ڕێز كه‌ریم سنجاری (وه‌زیری ناوخۆی هه‌رێم) سه‌ردانی به‌غدای كرد.

به‌ڕێز وه‌زیری ناوخۆی عێراق قاسم ئه‌لئه‌عره‌جی له‌كه‌شێكی دۆستانه‌دا سه‌رپه‌رشتی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی گرنگی كرد له‌نێوان شاندی هه‌رێم و لێژنه‌ی باڵا به‌سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مینداری گشتی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران، له‌سه‌ره‌تای كۆبوونه‌وه‌كه‌دا به‌ڕێز وه‌زیری ناوخۆ ته‌ئكیدی كرده‌وه‌ له‌سه‌ر گرنگی به‌ستنی ئه‌م جۆره‌ كۆبوونه‌وانه‌ و وه‌ به‌خێرهاتنی شاندی هه‌رێمی كوردستانی كرد وه‌ سڵاوی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی به‌شاندی هه‌رێم راگه‌یاند، له‌گه‌ڵ دووباره‌كردنه‌وه‌ی گرنگی تاوتوێكردنی ئه‌و كێشانه‌ كه‌ له‌بواری ده‌روازه‌ سنوورییه‌كان و گومرگ و فڕۆكه‌خانه‌كان، وه‌ به‌ڕێوه‌بردنی به‌نداوه‌كاندا له‌سه‌ر بنه‌مای پابه‌ندبوون به‌ ده‌ستوور و یاسا فیدڕالییه‌كان.
هه‌روه‌ها پێداگرتنی به‌ڕێز سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران له‌سه‌ر چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م دۆسیانه‌ و گێڕانه‌وه‌ی چالاكییه‌كان بۆ ئه‌و داموده‌زگا و دامه‌زراوانه‌.
له‌لای خۆیه‌وه‌ به‌ڕێز كه‌ریم سنجاری سوپاس و پێزانینی خۆی پێڕاگه‌یاندن بۆ ئه‌و ده‌ستپێشخه‌ریه‌ی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران سه‌باره‌ت به‌ چارسه‌ره‌كردنی ئه‌و دۆسیه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوانه‌و به‌و شێوه‌ی كه‌ خزمه‌تی ته‌واوی عێراق بكات وه‌ چاره‌سه‌ری ئه‌و كێشانه‌ بكات كه‌ روویداوه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان.

له‌ميانه‌ى گفتوگۆكاندا نوێنه‌رانى وه‌زاره‌تى ناوخۆ، ده‌سه‌ڵاتى فڕۆكه‌وانى شارستانى، ده‌سته‌ى ده‌روازه‌ سنوورييه‌كان، به‌ڕێوه‌به‌رايه‌تى به‌نداوه‌كان، ده‌زگاى هه‌واڵگرى، ته‌واوى تێبينيه‌ سه‌ره‌كى و بنه‌ڕه‌تييه‌كانى تايبه‌ت به‌ رێكخستنى په‌يوه‌ندى نێوان حكومه‌تى فيدڕاڵ و هه‌رێمى كوردستانيان خسته‌ڕوو وه‌ گفتوگۆيه‌كى تێروته‌سه‌ل و راشكاوانه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانى شاندى حكومه‌تى هه‌رێم ئه‌نجامدا سه‌باره‌ت به‌و بابه‌تانه‌ى ئه‌ندامانى لێژنه‌ى باڵاى خستيانه‌ڕوو. 

له‌كۆتايى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هه‌ردوولا رێككه‌وتن له‌سه‌ر رێكخستنى كۆبوونه‌وه‌ى دوو قۆڵى له‌به‌ر رۆشنايى ئه‌و خاڵانه‌ى له‌سه‌رى رێككه‌وتن له‌كۆبوونه‌وه‌ى ئاماژه‌ بۆكراودا له‌ رۆژى دووشه‌ممه‌ 15/01/2018 له‌ هه‌ولێر، تا پێكه‌وه‌ كۆنووسێكى گشتگير ئاماده‌بكرێت به‌و چاره‌سه‌رانه‌ى كه‌ رێككه‌وتنى له‌سه‌ر ده‌كرێت، وه‌ به‌رزكردنه‌وه‌ى ئه‌و كێشانه‌ى كه‌ پێويستى به‌ بڕيارى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زيرانى حكومه‌تى فيدڕاڵى هه‌يه‌ و پێويستن بۆ گێڕانه‌وه‌ى ئه‌و چالاكيانه‌ى كه‌ له‌ ده‌روازه‌ سنوورييه‌كان و فڕۆكه‌خانه‌كان و به‌نداوه‌كاندا ئه‌نجام ده‌درێت.


















زۆرترین بینراوەکان