هاتووچۆی‌ هه‌رێم له‌باره‌ی‌ گۆڕانكاری‌ له‌ تابلۆی‌ ئۆتۆمبێلدا دێته‌ده‌نگ


نەتەوە  |   10:22:13 2018-01-13  |   (124) جار خوێندراوەتەوە

به‌رێوه‌به‌رایه‌تی‌ گشتی‌ هاتووچۆی‌ هه‌رێم روونكردنه‌وه‌  له‌باره‌ی‌ داوایه‌كی‌ به‌غدا ده‌دات كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ راگرتنی‌ نوسینی‌ ژماره‌ی‌ سه‌ر تابلۆی‌ ئۆتۆمبێل به‌زمانی‌ كوردی و به‌رپرسێكی‌ هاتووچۆش له‌سه‌ر پرسی گۆڕینی‌ تابلۆی‌ ئۆتۆمبێلی‌ هه‌رێم ده‌ڵێت"وه‌ك به‌رێوه‌به‌رایه‌تی‌ هاتووچۆی‌ هه‌رێم  و هاتووچۆی‌ هه‌ر سێ پارێزگاكه‌ ناكۆكیمان هه‌بووه‌".
A+    A-

 

لیوا عه‌بدولقادر عه‌زیز جێگری به‌رێوه‌به‌ری‌ گشتی‌ هاتووچۆی‌ هه‌رێم له‌لێدوانێكدا بە تۆڕی هەواڵی سلێمانی رایگه‌یاندووە: تائێستا به‌ڕه‌سمی‌ به‌غدا داوای‌  له‌ هه‌رێم نه‌كردووه‌ كه‌نوسینی‌ ژماره‌ی سه‌ر تابلۆی‌ ئۆتۆمبێل له‌هه‌رێم به‌ زمانی‌ كوردی رابگرێت.

لیوا عه‌بدولقادر عه‌زیز ئاشكراشیكرد،"ئه‌گه‌ر به‌غدا هه‌ر داوایه‌كی‌ له‌وشێوه‌یه‌ بكات، ده‌بێت حكومه‌تی‌ هه‌رێم بڕیاری كۆتایی له‌باره‌وه‌بدات، جگه‌له‌وه‌ش وه‌ك هاتووچۆی‌ هه‌رێم ئێمه‌ ته‌نها پابه‌ندی رێنمایی و بڕیاره‌كانی حكومه‌تی‌ هه‌رێم ده‌بین".

 

جێگری به‌رێوه‌به‌ری‌ گشتی‌ هاتووچۆی‌ هه‌رێم وتیشی: پێشتر حكومه‌تی‌ ئیتحادیی داوایكردووه‌ گۆڕانكاری  له‌تابلۆی‌ ئۆتۆمبێلی‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا بكرێت و هاوشێوه‌ی‌ حكومه‌تی‌ ئیتحادیی ئه‌و شێوازه‌ی كه‌ بۆ تابلۆی ئۆتۆمبێل له‌ عیراق كاری‌ پێده‌كرێت هه‌مان دیزاین له‌هه‌رێم په‌یڕه‌وبكرێت.

 

لیوا عه‌بدولقادر راشیگه‌یاند: وه‌ك به‌رێوه‌به‌رایه‌تی‌ هاتووچۆی‌ هه‌رێم  و هاتووچۆی‌ هه‌ر سێ پارێزگاكه‌ ناكۆكیمان هه‌بووه‌ له‌سه‌ر ئه‌و شێواز و دیزاینه‌ی‌ كه‌ بۆ تابلۆی‌ ئۆتۆمبێل له‌عیراقدا كاری‌ پێده‌كرێت و نه‌گه‌یشتوینه‌ته‌ رێككه‌وتنی‌ كۆتایی.

 

له‌ماوه‌ی‌ رابردوودا هاتووچۆی‌ هه‌رێم گۆڕانكاری له‌شێوازی‌ نوسینی‌ ژماره‌ی‌ نێو تابلۆی‌ ئۆتۆمبێلدا كردووه‌ به‌جۆرێك كه‌چه‌ند ژماره‌یه‌كی نێو تابلۆی‌ ئۆتۆمبێل به‌زمانی كوردی ده‌نوسێرێت و باسله‌وه‌ش ده‌كرێت دوای‌ ریفراندۆمه‌كه‌ی‌ هه‌رێم به‌غدا ئه‌و فشاره‌ش له‌سه‌ر هه‌رێم ده‌كات و داوا ده‌كات تابلۆی‌ هه‌رێم هاوشێوه‌ی‌ به‌غدای‌ لێبكرێت.


















زۆرترین بینراوەکان