ئەگەری هەیە به‌غدا هەزاران مووچەی هەرێم ببڕێت


نەتەوە  |   20:59:00 2018-01-12  |   (907) جار خوێندراوەتەوە

حكومه‌تی عیراق پلانی هه‌یه‌ مووچه‌ی سه‌رجه‌م ئه‌و هێزانه‌ی پێشمه‌رگه‌ ببڕێت، كه‌ له ‌كوردانی پارچه‌كانی تری كوردستان دروستكراون، په‌رله‌مانتارێكی لیژنه‌ی كاروباری پێشمه‌رگه‌ش روونکردنەوە لەوبارەیەوە دەدات.
A+    A-


مه‌حمود حاجی عومه‌ر، ئه‌ندامی لیژنه‌ی كاروباری پێشمه‌رگه‌ له ‌په‌رله‌مانی كوردستان، رایگه‌یاندووە: له ‌چوارچێوه‌ی چاكسازیی و رێكخستنه‌وه‌و به ‌سیستمكردنی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌دا، كاروباری سه‌رجه‌م هێزه‌كان رێكده‌خرێنه‌وه‌، چونكه‌ له‌ئێستادا ره‌نگه‌ چه‌كداری لایه‌نه‌ كوردییه‌كانی پارچه‌كانی دیكه‌ی كوردستان له‌ناو لیستی مووچه‌خۆرانی پێشمه‌رگه‌دا هه‌بێت.

 

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی كوردستان بە ماڵپەڕی ئێس ئێن ئێن-ی وتووە كه‌ زانیاری وردیان له‌سه‌ر ژماره‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ نییه‌و ره‌نگه‌ بزانین ژماره‌ی كۆی سوپای عیراق چه‌نده‌، به‌ڵام نازانین ژماره‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ چه‌نده‌، هه‌رچه‌ند ئه‌وه‌ی ده‌بینرێت هێزه‌كه‌ی حسێن یه‌زدان په‌نا كه‌ به‌ پێشمه‌رگه‌ی رۆژهه‌ڵات ناوده‌برێت، له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌ی رۆژ-ی سه‌ربه‌  هێزه‌كانی ئه‌نه‌كه‌سه‌ لەسەر وەزارەتی پێشمەرگەن".

 

ئەوپەرلەمانتارە ئەوەشی ئاشكراکردووە کە حكومه‌تی عیراق له ‌ئه‌گه‌ری ناردنی مووچه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان، مووچه‌ی هیچ كام له‌و هێزانه‌ نانێرێت كه‌ له ‌بنه‌ڕه‌تدا ره‌گه‌زنامه‌ی عیراقییان نییه‌و رەگەزنامەی سوریاو توركیاو ئێرانیان هەیە.

 

سه‌باره‌ت به ‌هێزه‌كانی ئه‌نه‌كه‌سه‌ کە به‌ پێشمه‌رگه‌ی ڕۆژ ناسراون و له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ مووچه‌یان پێده‌درێت، مه‌حمود حاجی عومه‌ر ده‌ڵێت: "ژماره‌یان نزیكه‌ی 10 هه‌زار چه‌كداره‌و هاووڵاتی رۆژئاوای کوردستانن، ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه‌ی یاسایه‌و به‌هه‌ده‌ردانی بودجه‌یه‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی حزبێك، جگه‌ له‌وه‌ش ده‌ستێوه‌ردانه‌ له ‌كاروباری رۆژئاوای كوردستان".

 

هەروەها دەڵێت: "له‌ئێستادا كه‌ شه‌ڕی به‌ره‌یی له‌گه‌ڵ داعش كۆتایی هاتووه‌و قه‌یرانی دارایی هه‌رێمیش قورستر بۆته‌وه‌، هیچ بیانو‌یه‌ك نه‌ماوه‌ بۆ بوونی هێزی زۆرو بۆرو پێویسته‌ ئه‌و هێزانه‌ی خه‌ڵكی ڕۆژئاوان له‌چه‌ك و ئیمتیازاتی حكومه‌تی هه‌رێم دابماڵدرێن".


















زۆرترین بینراوەکان