وێنە... دوو بەرپرسی باڵای هەڵاتوو رادەستی بەغدا دەکرێنەوە


نەتەوە  |   16:15:02 2018-01-12  |   (369) جار خوێندراوەتەوە

دەستەی نەزاهەی سەربە پەرلەمانی عیراق رایگەیاندووە، بە فەرمانێکی سەرۆکایەتیی کۆماری لوبنان، بڕیارە وەزیرێکی عیراق کە پێشتر تۆمەتباربووە بە گەندەڵی و هەڵاتووە، رادەستی عیراق بکرێتەوە.
A+    A-

 

لەوبارەیەشەوە دوێنێ پێنجشەممە 2018/1/11 لە بەیاننامەیەکدا دەستەکە رایگەیاندووە: "حکومەتی لوبنان بڕیاریداوە عەبدولفەلاح سودانی، وەزیری پێشووی بازرگانی عیراق رادەستی دادگای عیراق بکاتەوە.

 

ئاماژەش کراوە بەوەی کە سەرۆکایەتی کۆماری لوبنان لە بڕیارێکیدا کە رۆژی 2017/12/27 دەرچووە، فەرمانی کردووە بە رادەستکردنەوەی ئەو وەزیرەی پێشووی عیراق کە لەلوبنان دەستگیرکراوەو ئاماژەی بۆ ئەوەش کردوە کە رێوشوێنەکان لە نێوان هەردوولادا بەردەوامە بۆ چۆنێتی رادەستکردنەوەکەی بە بەغدا.

 

سودانی کە هەڵگری رەگەزنامەی بریتانییە، ئەندامێکی حزبی دەعوە بووەو ساڵی 2005 کرا بە وەزیری پەروەردەو لەساڵی 2006- 2009 لە کابینەکەی نوری مالیکیدا وەزیری بازرگانی بووە، ساڵی 2009 تۆمەتبار کراوە بە گەندەڵی لە هاوردەکردنی 30 تۆن رۆنی خراپ و بەهەدەردانی موڵکی گشتی و ساڵی 2012 بە 12 ساڵ زیندانی حوکمدراوە، بەڵام بەرلەوەی دەستگیر بکرێت بەرەو دەرەوەی وڵات هەڵاتووە.

 

هەروەها دەستەی نەزاهە راشیگەیاندووە کە دەسەڵاتدارانی ئوردنیش رازیبوون بە رادەستکردنەوەی (زیاد قەتتان) ئەمینداری گشتی وەزارەتی بەرگریی عێراق کە مانگی شوباتی رابردوو بە هاوئاهەنگی پۆلیسی ئوردن و ئینتەرپوڵ لە عەممان دەستگیرکراوە.

 

قەتانیش تۆمەتبارە بە گەندەڵی و بەهەدەردانی موڵکی گشتی بۆ بەرژەوەندیی تایبەتی خۆی و دوای تاوانبارکردنی لەلایەن دادگای عیراقەوە بە تۆمەتی دزینی یەک ملیار دۆلار بە غیابی بە حەوت ساڵ زیندانیکردن سزادراوە.
















زۆرترین بینراوەکان