ورده‌كاریی ژماره‌و شێوازی‌ ڕێكخستنه‌وه‌ی‌ ده‌رماڵه‌ی فه‌رمانبه‌ران ئاشكرا ده‌كرێت


نەتەوە  |   14:42:08 2018-01-12  |   (322) جار خوێندراوەتەوە

لیژنه‌ی‌ دارایی له‌په‌رله‌مانی‌ كوردستان ڕونكردنه‌وه‌ له‌باره‌ی‌ ژماره‌ی‌ ده‌رماڵه‌و میكانیزمی‌ ڕێكخستنه‌وه‌ی بۆ موچه‌خۆران ده‌دات، ئه‌ندامێكی‌ لیژنه‌كه‌ش ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "59 جۆر ده‌رماڵه‌ بۆ موچه‌خۆران خه‌رجكراوه‌، به‌ڵام له‌ڕێگه‌ی ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ی‌ حكومه‌ت ئاراسته‌ی‌ په‌رله‌مانی‌ كردوه‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ ڕێكده‌خرێنه‌وه‌".
A+    A-

 

سۆران عومه‌ر ئه‌ندامی لیژنه‌ی‌ دارایی له‌په‌رله‌مانی‌ كوردستان ڕایگه‌یاند، "له‌هه‌رێمی‌ كوردستان ئه‌و موچه‌یه‌ی‌ به‌ر له‌سیستمی‌ پاشه‌كه‌وت دراوه‌ به‌فه‌رمانبه‌ران، نزیكه‌ی‌ نیوه‌ی‌ موچه‌كه‌ ده‌رماڵه‌ بوه‌و ڕێژه‌یه‌كی‌ كه‌می‌ موچه‌ی‌ بنه‌ڕه‌تیه‌".


ناوبراو وتیشی‌:"به‌گوێره‌ی‌ ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ی له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ ئاراسته‌ی‌ په‌رله‌مان كراوه‌ چاكسازیی له‌موچه‌ی‌ سه‌رجه‌م خانه‌نشینان و ده‌رماڵه‌ی فه‌رمانبه‌رانیشدا ده‌كرێت".


ڕونیشیكرده‌وه‌، له‌هه‌رێمی كوردستان نزیكه‌ی‌ 59 ده‌رماڵه‌ی‌ جیاواز به‌موچه‌خۆران دراوه‌ به‌موچه‌خۆرانی‌ مه‌ده‌نی‌ و سه‌ربازیشه‌وه‌، "بۆیه‌ به‌گوێره‌ی‌ ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ی‌ حكومه‌ت، ده‌بێت به‌شێكی ده‌رماڵه‌كان ڕێكخبرێنه‌وه‌و نابێت به‌مشێوه‌ی‌ ئێستا بمێننه‌وه‌".
ئه‌ندامه‌كه‌ی‌ لیژنه‌ی‌ دارایی له‌په‌رله‌مانی‌ كوردستان هێمای بۆ ئه‌وه‌شكرد، هه‌ركات پڕۆژه‌كه‌ بگاته‌ لیژنه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان ئاماده‌ده‌كرێت و خوێندنه‌وه‌ی‌ یه‌كه‌می‌ بۆ ده‌كرێت و له‌به‌رژه‌وه‌ندی موچه‌خۆران بڕیاری پێویستی‌ له‌باره‌وه‌ ده‌درێت".


له‌لایه‌كی‌ دیكه‌شه‌وه‌ ته‌لار له‌تیف ئه‌ندامی لیژنه‌ی‌ یاسایی له‌په‌رله‌مانی‌ كوردستان به‌ سایتی تۆڕی هه‌واڵی سلێمانی ڕاگه‌یاندوه‌، "ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ی‌ حكومه‌ت بۆ چاكسازیی له‌موچه‌دا ئاماده‌یكردبوو، له‌قۆناغی‌ یه‌كه‌مدا بۆ موچه‌ی‌ خانه‌نشینان بوه‌، به‌ڵام دواتر ده‌رماڵه‌ی‌ فه‌رمانبه‌رانیشی تێدا جێگه‌ كراوه‌ته‌وه‌".

 

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ دڵنیایی به‌موچه‌خۆرانیشدا كه‌ پڕۆژه‌یاساكه‌ به‌جۆرێك ئاماده‌ده‌كه‌ن، "ئه‌گه‌ر پێشتر فه‌رمانبه‌رێك بێبه‌شكرابێت له‌ده‌رماڵه‌یه‌ك بۆ له‌مه‌ودوا بۆی خه‌رجبكرێت، جگه‌له‌وه‌ش چه‌ند ده‌رماڵه‌یه‌ك هه‌یه‌ دراوه‌ته‌وه‌ فه‌رمانبه‌ران پێویستده‌كات ڕێكبخرێته‌وه‌".

 

جه‌ختیشیكرده‌وه‌، "ئێستا پێویسته‌ ئه‌و ده‌رماڵانه‌ سه‌رله‌نوێ ڕێكبخرێنه‌وه‌ به‌جۆرێك كه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی موچه‌خۆراندا بێت".
 


















زۆرترین بینراوەکان