وته‌بێژی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان باسی ده‌ست پێکردنی دابه‌شکردنی مووچه‌ ده‌کات


نەتەوە  |   18:34:47 2018-01-11  |   (4,392) جار خوێندراوەتەوە

وته‌بێژی فه‌رمیی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ئاماژه‌ی به‌وه‌ده‌كات، ئه‌وان چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ ناکه‌ن تا ڕێککه‌وتنی کۆتایی له‌گه‌ڵ حکوومه‌تی عێراق ده‌کرێت و له‌ به‌غداوه‌ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران ده‌نێردرێت، مووچه‌ دابه‌ش نه‌که‌ن، به‌ڵکوو پرۆسه‌که‌ به‌رده‌وام ده‌بێت.
A+    A-

 

له‌ وه‌ڵامی پرسیارێکی به‌ربڵاوی خه‌ڵکی که‌ ئاخۆ تا ئه‌و کاته‌ی به‌غدا وردبینی له‌ لیستی مووچه‌ی وه‌زاره‌ته‌کاندا ده‌کات و په‌سه‌ندیان ده‌کات و مووچه‌ ده‌نێرێت، حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان چاوه‌ڕوان ده‌بێت، یاخود ده‌ست به‌ دابه‌شکردنی مووچه‌ ده‌کات؟ سه‌فین دزه‌یی، وته‌بێژی فه‌رمیی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له‌ میانی چاوپێکه‌وتنێکیدا له‌گه‌ڵ هه‌فته‌نامه‌ی (باس) ئاشكرای ده‌كات، "حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان پابه‌نده‌ به‌ دابینکردنی گوزه‌رانی خه‌ڵکی کوردستان به‌پێی ئه‌و داهاته‌ی له‌به‌رده‌ستیه‌تی".


ئه‌وه‌شی ڕوون کردووه‌ته‌وه‌: ”له‌ دوای 16ی ئۆکتۆبه‌ره‌وه‌ داهاتی هه‌رێمی کوردستان 50 تا 55٪ که‌می کردووه‌ که‌ به‌شی سه‌رجه‌م مووچه‌خۆران ناکات، به‌ڵام ئه‌و داهاته‌ی که‌ دێته‌ ده‌ست له‌ فرۆشی نه‌وت له‌گه‌ڵ داهاته‌کانی ناوخۆ، بێگومان حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌ دایه‌ تا ئه‌و کاته‌ی له‌گه‌ڵ به‌غدا ده‌گاته‌ ئه‌نجامێک، به‌پێی ئه‌و داهاتانه‌ی که‌ له‌به‌رده‌ستیه‌تی، هه‌روه‌ها به‌پێی ئه‌و چاکسازییانه‌ی که‌ پێشکه‌ش به‌ په‌رله‌مان کراوه‌ که‌ تاڕاده‌یه‌ک کاریگه‌ری له‌سه‌ر مووچه‌ی مووچه‌خۆران ده‌بێت، مووچه‌ دابه‌ش بکات“.


ئه‌مه‌ش له‌ کاتێکدایه‌ که‌ فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی کوردستان تاوه‌کوو ئێستا چاوه‌ڕوانن دابه‌شکردنی مووچه‌ ده‌ست پێ بکاته‌وه‌ و هێشتا به‌ فه‌رمی ئه‌وه‌ ڕانه‌گه‌یه‌ندراوه‌ که‌ ئاخۆ چاره‌نووسی مووچه‌ی مانگه‌کانی (10 و 11 و 12) پاشه‌که‌وت کردنه‌ یان دابه‌ش ده‌کرێت؟، له‌ کاتێک هه‌ندێک له‌ زانیارییه‌کان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌ده‌ن که‌ مووچه‌ی ئه‌و سێ مانگه‌ ده‌خرێته‌ سه‌ر ژماره‌ حیسابێکی فه‌رمانبه‌ران که‌ له‌ داهاتوودا دروست ده‌کرێت و له‌م مانگه‌وه‌ مووچه‌ی مانگی 1ی فه‌رمانبه‌ران دابه‌ش ده‌کرێت.
 
















زۆرترین بینراوەکان