وه‌زیرێكی عیراق نوێترین زانیاری له‌سه‌ر ناردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم ئاشكرا ده‌كات


نەتەوە  |   17:10:00 2018-01-11  |   (2,910) جار خوێندراوەتەوە

پڕۆسه‌ی وردبینیكردن له‌ لیستی موچه‌ی هه‌ردوو وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ و ته‌ندروستی به‌رده‌وامه‌ و وه‌زیرێكی حكومه‌تی عیراقیش نوێترین زانیاری له‌باره‌ی ناردنی موچه‌ی ئه‌و دوو وه‌زاره‌ته‌ ئاشكرا ده‌كات.
A+    A-

 

حه‌سه‌ن جه‌نابی، وه‌زیری سه‌رچاوه‌ ئاوییه‌كانی حكومه‌تی عیراق، رایگه‌یاند: سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق پابه‌نده‌ به‌ ناردنی موچه‌ی هه‌ردوو وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌و ته‌ندروستی هه‌رێم و ئه‌و پرسه‌ش هه‌فتانه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عیراقدا تاوتوێده‌كرێت و قۆناغه‌كانی باس ده‌كرێت.


ناوبراو وتیشی:"پڕۆسه‌ی وردبینیكردن له‌ لیستی ئه‌و دوو وه‌زاره‌ته‌ی هه‌رێم به‌رده‌وامه‌و لیژنه‌ی وردبینیكردن، لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ لیسته‌كان ده‌كات و هه‌ندێك به‌ڵگه‌نامه‌ هه‌یه‌ كه‌ ده‌بێت لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ڕاستی و دروستییان بكرێت".


به‌وته‌ی وه‌زیره‌كه‌ی عیراق، له‌ نزیكترین كاتدا وردبینیه‌كه‌ ته‌واو ده‌بێت و وه‌زاره‌تی دارایی عیراقێش موچه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان ده‌نێرێت.


حه‌سه‌ن جه‌نابی له‌ كۆتایی لێدوانه‌كه‌ی بۆ سایتی تۆڕی هه‌واڵی سلێمانی ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، "ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به‌ وه‌زاره‌تی سه‌رچاوه‌ ئاوییه‌كانی عیراق و ده‌سته‌ی به‌نداوه‌كانه‌وه‌ هه‌یه‌، ناردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی به‌نداوه‌كان له‌هه‌رێم جێبه‌جێكراوه‌و تائێستا دوو موچه‌یان وه‌رگرتوه‌ و ناردنی موچه‌كانیشیان به‌رده‌وام ده‌بێت".
 


















زۆرترین بینراوەکان