کتێبێک ئاگری لە کۆشكی سپی بەردا


نەتەوە  |   14:31:16 2018-01-11  |   (219) جار خوێندراوەتەوە

له‌ماوه‌ی پێشوودا کتێبێک له‌باره‌ی دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆکی ئه‌مریکا له‌ژێر ناونیشانی « ئاگرو تووڕه‌یی» چاپکرا، ئه‌مه‌ش له‌ناو مه‌یدانی سیاسیی و رۆشنبیریی ئه‌مریکاییدا، ده‌نگدانه‌وه‌ی گه‌وره‌ی هەبوو.
A+    A-

 

له‌م کتێبه‌دا نووسه‌ر ‌، تره‌مپ وه‌کو سه‌رۆکێکی که‌م ئه‌زموون و هه‌ڵه‌شه‌و ده‌به‌نگ وه‌سف ده‌کات، تره‌مپیش وه‌ڵامی ئه‌م نووسه‌ره‌ ده‌داته‌وه‌ ده‌ڵێت: من بلیمه‌تم.

 

"ئاگرو تووڕه‌یی" ده‌سته‌واژه‌یه‌کی ئاینییه‌ له‌ ئینجیلدا هاتووه‌. پێشتر دۆناڵد تره‌مپ ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه‌ی‌ له ‌دژی کیم جونگ ئۆن سه‌رۆکی کۆریای باکوور به‌کارهێنا، بەڵام نه‌یزانی رۆژێک له‌رۆژان ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه‌ له‌دژی خۆی به‌کاردێته‌وه‌و کۆشكی ده‌سه‌ڵاتی ده‌له‌رزێنێت.

 

ئه‌م کتێبه‌ له‌لایه‌ن رۆژنامه‌نووسی ئه‌مریکی « مایکل وۆلڤ» نووسراوه‌، که ‌ماوه‌یه‌کی زۆره‌ له‌ رۆژنامه‌ی نیویۆرک تایمز-ی ئه‌مریکا کارده‌کات. بۆ ئه‌م کتێبه‌شی نزیکه‌ی 200 دیداری له‌گه‌ڵ که‌سه‌ نزیکه‌کانی تره‌مپ کردووه‌، که ‌تێیدا به‌رپرسانی حکومی و خزم و که‌سی نزیک و هاوڕێ و بازرگان و کارمه‌ندانی کۆمپانیاکانی تره‌مپی تێدایه‌.

 

له‌رێگه‌ی ئه‌و که‌سانه‌وه‌، نووسه‌ر هه‌وڵیداوه‌ له‌ که‌سایه‌تی ئاڵۆزی تره‌مپ بکۆڵێته‌وه‌.

 

ئه‌و نووسه‌ره‌ لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی درێژی له‌باره‌ی ژیانی منداڵیی و گه‌نجێتی و دواتر چوونه‌ ناو جیهانی بازرگانی و میدیاو دواتریش کۆشكی سپی ئەو سەرۆکە کردووه‌. پاشانیش له ‌به‌شێکی زۆری ئه‌و فه‌رمان و کارانه‌ی تره‌مپی کۆڵیوه‌ته‌وه‌.

 

 له‌زاری چه‌ند که‌سێکی نزیکی تره‌مپیشه‌وه‌ پێیان وتو‌وه‌: زۆربه‌ی بڕیاره‌کانی تره‌مپ دووربینیان پێوه ‌دیار نییه‌و زیاتر سیمایه‌کی هه‌ڵه‌شه‌یان پێوه‌ دیاره‌.

 هه‌روه‌ها به‌شێک له‌و که‌سانه‌ی که‌ نووسه‌ر دواندوونی، تره‌مپ به‌ که‌سێکی گێل و ده‌به‌نگ وه‌سف ده‌که‌ن و گومانیان له‌ زیره‌کی سه‌رۆکەکەیان هه‌یه‌.

 

به‌شێکی ئه‌و کتێبه‌ باس له ‌په‌یوه‌ندیی نهێنی تره‌مپ و تیمه‌که‌‌‌ی ده‌که‌ن له‌گه‌ڵ ‌ ڤلادیمیر پوتین و روسیا، چۆن ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ دروستبووه‌و دواتریش چۆن کێشه‌ی بۆ تره‌مپ ناوه‌ته‌وه‌. هه‌روه‌ها په‌یوه‌ندیی نێوان تره‌مپ و محه‌مه‌د بن سه‌لمانی کوڕی پادشای سعودیه‌ ده‌خاته‌ڕوو کە چۆن سه‌ره‌تا تره‌مپ باوه‌ڕی به‌م میره‌ گه‌نجه‌ نه‌بووه‌، به‌ڵام دواتر په‌یوه‌ندییان به‌هێز ده‌بێت به‌تایبه‌تی له‌گه‌ڵ کۆشنه‌ری زاوای تره‌مپدا.

 

له‌دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی کتێبه‌کەو هاتنەکایەی هەڵـڵایەکی گه‌وره‌ی میدیاکان له‌سه‌ری، دۆناڵد تره‌مپ وه‌ڵامی ئه‌و نووسه‌ره‌ی داوەتەوەو له‌سه‌ر واڵی تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی تویته‌ر نووسیوێتی: ئه‌و کتێبه‌ دووره‌ له ‌راستییه‌وه‌و زیاتر له‌ خه‌یاڵی نووسه‌ره‌که‌یه‌وه‌ هاتووه‌. هه‌روه‌ها نووسه‌ره‌که‌شی به‌ درۆزن وه‌سفکردووە.

 

تره‌مپ هەروەها دەنووسێت: له‌باشترین زانکۆ خوێندنم ته‌واو کردووه‌، خوێندکارێکی زیره‌ک بووم، خوێندنم ته‌واوکردووه‌، ملیاره‌ها دۆلارم ده‌ستکه‌وتووه‌و بوومه‌ته‌ گه‌وره‌ترین بازرگان و خاوه‌ن کاری ئه‌مریکا، هه‌روه‌ها له‌ بواری ته‌له‌ڤزیۆنیشدا کارم کردووه‌، له‌ماوه‌ی 10ساڵی پێشوودا، سه‌رکه‌وتنی گه‌وره‌م تۆمارکردووه‌.

 

جێگه‌ی ئاماژه‌یه‌ هه‌تا ئێستاش ئه‌م کتێبه‌ ده‌نگدانه‌وه‌ی گه‌وره‌ی له ‌ئه‌مریکا و جیهاندا ناوه‌ته‌وه‌، بۆ زۆرێکیش له ‌زمانه‌ جیهانییه‌کان وه‌رگێڕدراوه‌.
















زۆرترین بینراوەکان