پلانێكی حكومەت بۆ دابەشكردنی مووچە لەساڵی نوێدا ئاشكرا دەكرێت


نەتەوە  |   22:19:40 2017-12-16  |   (2,105) جار خوێندراوەتەوە

سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی و وزە لە پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت، "لەمیانی كۆبوونەوەمان لەگەڵ حكومەت لەڕۆژی چوارشەممەدا، پرسیاری ئەوەمان ئاڕاستە كردن ئەگەر لەگەڵ بەغدا رێكنەكەوتن بۆ دابینكردنی مووچەی فەرمانبەران چی دەكەن؟، وەڵامیان ئەوەبوو كە پەنا بۆ پلان بی دەبەن تا مووچە دابینبكەن".
A+    A-

 

شێركۆ جەودەت، سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی و وزە لەپەرلەمانی كوردستان، لە لێدوانێكدا رایگەیاندوە، لەكۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممە ١٣ی كانونی یەكەمی ٢٠١٧دا لەگەڵ شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان، زۆرترین گفتوگۆ لەسەر مووچە و چۆنیەتی دابینكردنی بوو بۆ فەرمانبەران لەساڵی داهاتوودا ئەوەش دوای كێشەكانی نێوان هەرێم بەغدا و لەدەستدانی سەرچاوە سروشتییەكان.


ناوبراو وتیشی "شاندی حكومەت دڵنیاییدا بە پشتبەستن بە پلان بی ئەگەر رێككەوتنیش لەگەڵ بەغدا نەكرێت، ئەوان دەتوانن مووچە بەسیستمی پاشەكەوت وەك ئێستا بدەن بە فەرمانبەران لەساڵی داهاتوودا".


لەبارەی پلانەكە حكومەت شێركۆ جەودەت، رونیكردەوە، حكومەت وەك ئێستا پشت بە داهاتە ناوخۆییەكان دەبەستێت و چاكسازی و پاكسازی لە لیستی خانەنشینانی نایاسایی و بندیوارەكان و پاسەوانی بەرپرسان و وەزارەتی پێشمەرگەدا دەكات، ئەگەر هاتوو لەگەڵ بەغدا رێكنەكەوتن، پشت بەو پلانە دەبەستن.


هێمای بۆ ئەوەشكرد، ئەگەر بێت و چاكسازی لە لیستی مووچەخۆراندا بكرێت، ئەو ٤٠٠ ملیار دینارەی كە داهاتی هەرێمە بەشی مووچەی مانگانە دەكات، بەڵام بەهەموو پێوەرێك رێككەوتن لەگەڵ بەغدا باشترە و گونجاوترە جا بەهەر جۆرێك بێت.
                        
 
















زۆرترین بینراوەکان