مەسعود بارزانی پەیامێكی نوێی بۆ بەغدا هەیە


نەتەوە  |   20:02:39 2017-12-16  |   (885) جار خوێندراوەتەوە

رۆژی شەممە مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان جەختلەوەكردەوە،" لەگەڵ حیوار و گفتوگۆ و لێكتێگەییشتندایە، بەڵام لە هەمانكاتدا گەلی كوردستان زمانی زۆرداری قبوڵ ناكات".
A+    A-

 

ڕۆژی شەممە 16/12/2017 لە شاری دهۆك مەسعود بارزانی لەگەڵ كەسایەتیی كۆمەڵایەتی و پیاوانی ئایینیی موسڵمان و مەسیحی و ئێزیدی و ڕیشسپی و پیاوماقووڵانی دەڤەری بادینان كۆبۆوە.


لە كۆبوونەوەكەدا بارزانی ڕۆشنایی خستەسەر بایەخی ڕیفراندۆم و بە ڕووداو و دەستكەوتێكی گرنگی گەلی كوردستان هەژماری كرد، باسی لەوەشكرد، ڕیفراندۆم سەرچاوەی كێشەكانی ئێستا نییە بەڵكو سەرچاوەی كێشەكان بۆ ئەو هۆكارانە دەگەڕێتەوە كە هانی گەلی كوردستانی دا بڕیاری ڕیفراندۆم بدات.


مەسعود بارزانی ئاماژەی بە پڕۆسەی سیاسیی عێراقی لە ساڵانی ڕابردوو و ئێستا كرد و دووپاتیكردۆتەوە، ئاشكرا شەراكەت و تەوازون و تەوافوق پێشێل كرا و هەر ئەوانەی كە ئێستا بوونەتە بەرگریكاری دەستوور و بە مەیلی خۆیان دەستوور تەفسیر دەكەن پێشێلكاری دەستووری عێراق بوونە و هۆكاری ئەو بارودۆخە نالەبارن كە لە عێراقدا هەیە.


لەكۆبوونەوەكەدا بارزانی جەختی لەوەش كردەوە كە لەگەڵ حیوار و گفتوگۆ و لێكتێگەییشتندایە، بەڵام لە هەمانكاتدا گەلی كوردستان زمانی زۆرداری قبوڵ ناكات.


داوایشی كرد، كە ئومێد و ئیرادەیان بەهێز بێت و دەبێ ئەو سەروەرییانەی گەلی كوردستان لە مێژوو و خەباتی خۆی تۆماری كردووە بە باشی بپارێزرێت و توندوتۆڵتر بكرێت بە تایبەت لە بابەتی فەرهەنگی پێكەوەژیان و قووڵتركردنی گیانی برایەتی و ئازادی و یەكسانیی نێوان پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی كوردستان.
 
















زۆرترین بینراوەکان