لەبارەی ناردنی نامەیەكی عەبادی بۆ هەرێم زانیاری دەخرێتەڕوو


نەتەوە  |   18:44:52 2017-12-07  |   (2,331) جار خوێندراوەتەوە

روونكردنەوە لەسەر ناردنی نامەیەكی حەیدەر عەبادی بۆ دەستپێكردنەوەی گفتوگۆكانی نێوان هەرێم و بەغدا دەدرێت، بەرپرسێكی هەرێمیش لەوبارەیەوە زانیاری دەخاتەڕوو.
A+    A-

 

ئەمڕۆ پێنج شەممە 7ی كانوونی یەكەمی 2017، ئەبو وەلا وەلائی، ئەمینداری گشتی كەتیبەكانی سەیدول شوهەدا-ی سەر بە حەشدی شەعبی، بە میدیاكانی عیراقی راگەیاند، حەیدەر عەبادی نامەیەكی ئارستەی هەرێم كردووە بۆ دەستپێكردنەوەی دانوستانەكانی نێوان وەفدی سەربازیی هەرێم و بەغدا.


لەوبارەشەوە جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە، ئاماژەی بەوەكردووە، هیچ نامەیەكی رەسمی و ناڕەسمی سەرۆك وەزیرانی عیراق و هیچ لایەنێكی تر ئاراستەی وەزارەتی پێشمەرگە نەكراوە.


رونیشیكردەوە، "پێشتر لەچەند دانیشتنێكدا لەگەڵ وەفدی سوپای عیراق، نەگەیشتینە هیچ رێكەوتنێك، بەجۆرێك لەگەڵ سوپای عیراق هەریەكەمان كارنامەیەكی حەوت خاڵیمان هەبوو، لەهەندێك لەخاڵەكان بۆچوونی هاوبەشمان هەبوو، لە بەشێكیشدا بۆچوونمان جیاواز بوو، بۆیە هیچ رێكەوتنێكمان واژۆ نەكردوە".


لەبارەی لێدوانێكی سەعد حەدیسی وتەبێژی نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عیراقیش كە رایگەیاندبوو وەفدی پێشمەرگەو سوپا توانیان (80%)ی كێشەكانیان چارەسەر بكەن، بەڵام دواتر هەرێم لێی پاشگەزبووەوە، جەبار یاوەر وتی: ئێمە نەك لەسەر (80%)، بەڵكو لەسەر (1%)ی كێشەكانیش لەگەڵ سوپای عیراق رێكنەكەوتوین و هیچ پاشگەزبوونەوەیەكیش نەبووە.

 

جەختیشیكردەوە، "دەبێت حكومەتی هەرێم لەسەر هەموو كێشە هەڵپەسێراوەكان، بە پرسە ئەمنییەكانیشەوە، لەگەڵ حكومەتی فیدراڵدا رێكبكەوێت، ئەگەرنا مەترسی لەهەموو روویەكەوە هەیە".
 

















زۆرترین بینراوەکان