سیستەمی بایۆمەتری موچە رونكردنەوەیەك بڵاودەكاتەوە


نەتەوە  |   18:27:41 2017-12-07  |   (1,362) جار خوێندراوەتەوە

سەرۆكی فەرمانگەی تەكنۆلۆژیاو زانیاری لەئەنجومەنی وەزیران لەبارەی كێشەیەكی بەشێك لە فەرمانبەران تایبەت بە سیستەمی بایۆمەتری موچە رونكردنەوە دەدات.
A+    A-

 

بەگوێرەی زانیارییەكان ژمارەیەك كارمەندی پۆلیس، بەهۆی ونكردنی پێناسی باری شارستانییەوە، نەیانتوانیوە خۆیان لەسیستمی بایۆمەتری موچە تۆمار بكەن.


لەوبارەشەوە هیوا ئەفەندی سەرۆكی فەرمانگەی تەكنۆلۆژیاو زانیاری لەئەنجومەنی وەزیران رایگەیاندوە، هیچ فەرمانبەرێك لەسیستمی بایۆمەتری تۆمار ناكرێت، تەنها لەحاڵەتێكی زۆر تایبەتدا نەبێت، ئەویش ئەگەر وەزارەتەكەی پشتگیری بكات و هۆكاری خۆتۆمارنەكردنەكەی روونبكاتەوە. ناوبراو لەدرێژەی لێدوانەكەی بۆ سایتی ئێس ئێن ئێن وتیشی: "ئەگەر هاتوو وەزارەت پشتگیری فەرمانبەرێك یان ژمارەیەك فەرمانبەری وەزارەتەكەی بكات، كە بەفعلی فەرمانبەرن و بەهۆكارێكی زۆر تایبەت و متمانەپێكراو، لەكات و ساتی خۆیدا نەیانتوانیوە خۆیان تۆمار بكەن، ئەوكاتە داواكارییەكە لەلایەن لیژنەی باڵای تۆماری بایۆمەترییەوە هەڵسەنگاندنی بۆ دەكرێت، ئەگەر كێشەی نەبوو، ئەوكاتە تۆمار دەكرێن".


سەبارەت بەو كارمەندانەی پۆلیس كە بەهۆی ونكردنی پێناسی باری شارستانییەوە، دەیانەوێت بە پشتگیری وەزارەتی ناوخۆ، خۆیان تۆمار بكەن، هیوا ئەفەندی دەڵێت: "نەك یەك پشتگیری، بەڵكو سەد پشتگیری وەزارەتیشیان هەبێت، ناتوانن خۆیان تۆمار بكەن، تاوەكو ناسنامەی باری شارستانیان نەبێت، بۆیە پێویستە لەشوێنە پەیوەندیدارەكان ناسنامەی نوێ دەربكەنەوە".
 

















زۆرترین بینراوەکان