گەنجێك لەهەرێم: دەتوانم پێشبینی بومەلەرزە بكەم


نەتەوە  |   20:20:14 2017-12-06  |   (4,661) جار خوێندراوەتەوە

گەنجێك لەهەرێم جەختلەوەدەكاتەوە، دەتوانێت پێشبینی روودانی بومەلەرزە بكات و بە بەڵگەوە بیسەلمێنێت، لە بەرامبەریشدا پسپۆڕێكی جۆلیۆجی توانای پێشبینی كردنی ئەو رووداوە سروشتییە روندەكاتەوە.
A+    A-

 

سیروان ئاكۆ گەنجێكی رانیەیە و بانگەشەی ئەوە دەكات، كە دەتوانێت بەر روودانی بومەلەرزە بەماوەیەك پێشبینی روودانی ئەو دیاردە سروشتییە بكات.


ئەو گەنجە ئاماژەی بەوەكردووە، هەوڵی داوە كە لایەنە پەیوەندییدارەكان لەو توانایەی ئاگادار بكاتەوە، بەڵام بێ سوود بووە، هۆكاری ئەو توانایەشی بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە كەلە لەشیدا بڕێكی زۆر ماددەی ئاسن هەیە و لەپێش روودانی بومەلەرزەكەدا بە ماوەیەك تەزوویەك لەشی دەگرێتەوە.


گەنجەكە لەلێدوانێكدا بۆ ماڵپەڕی فەرمی یەكێتی چیرۆكی درك پێكردنی بەو توانایەی ( وەك خۆی ناوی دەبات) خستەڕوو چەند جارێك پێشبنینی كردنم بۆ روودانی بومەلەرزە كردوە لە سەرەتادا هیچ كەسێك تەنانەت خێزانەكەشم بڕوایان پێنەدەكردم كە ئەو توانایەم هەیە، بەڵام لەئێستادا هەر كاتێك پێشبینی روودانی بومەلەروزە بكەم بەهۆی ئەو تەزووەی كە دێتە سەر لەشم دوای ماوەیەك بومەلەروزە روودەدات.


سیروان ئاكۆ ئەوەشی خستۆتەڕوو، بەهۆی كەمی و زۆری ئەو تەزووەی دەكەوێتە سەر لەشم دەتوانم بەهێزی و لاوازی بومەلەرزەكە دەستنیشان بكەم.


لەبەرامبەردا بەختیار قادر مامۆستا لەبەشی جیۆلۆجی لە زانكۆی سلێمانی جەختیلەوەكردۆتەوە، ئەوەی ئەو گەنجە باسی دەكات دوور لە زانستە، چونكە لەئێستادا لە لایەن وڵاتە زلهێزەكانەوە ساڵانە چەندین ملیار دۆلار بۆ ئەوە تەرخاندەكرێت كە تەنها چەند چركەیەك پێش روودانی بومەلەرزە ئاگاداربن، بەڵام هەوڵەكان تائێستا بێ سوود بوون.

 

وتیشی: روودانی بومەلەرزە شەپۆلێكی لەرینەوەیە و هیچ پەیوەندیەكی بە تەزووی كارەبایی و تەزووی ئەلكترۆنیەوە نیە، بەڵام ئەو حاڵەتەی ئەو گەنجە لێی دەدوێت، پێدەچێت زیاتر پەیوەندی بە جەستەی خۆیەوە هەبێت نەك زانست.
 

















زۆرترین بینراوەکان