حكومەتی هەرێم لەبارەی موچەوە رونكردنەوەیەكی نوێی بڵاودەكاتەوە


نەتەوە  |   18:09:04 2017-12-06  |   (3,859) جار خوێندراوەتەوە

لەسەر لێدوانەكانی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عیراق كە لەمیانی پرێس كۆنفرانسی هەفتانەی خۆیدا دوێنێ سێشەممە لەسەر هەرێمی كوردستان قسەی كرد، حكومەتی هەرێمی كوردستان رونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە.
A+    A-

 

لەبەشێكی ئەو رونكردنەوەیەدا سەفین دزەیی وتەبێژی حكومەتی هەرێم رایگەیاندوە، عەبادی چەندین جارە باسی ئەوە دەكات گوایە موچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان دەنێرێت و بۆ ئەمەش خەریكی وردبونەوەن لە لیستەكانی موچەخۆرانی هەرێم، بەڵام وەك پێشتریش وتومانە حكومەتی فیدرال تائێستا هیچ لیستێكی لە حكومەتی هەرێم داوا نەكردوە، بۆیە ئاگادار نین و نازانین ئەوانە كام لیستانەن كە حكومەتەكەی عەبادی خەریكی لێوردبونەوەیانە؟! خەڵكی كوردستان ئیتر باش لەوە تێگەیشتوە كە ئەوە لە لێدوانی میدیایی بترازێ، هیچی تر نییە، بۆیە هیچ متمانەیەكی بەو قسانە نەماوە.


ناوبراو لەبارەی بابەتی دەروازە سنورییەكان و بەردەوامیی داخستنی فرۆكەخانەكانی هەرێمی كوردستانیش، بۆ ماڵپەڕی حكومەتی هەرێم دوپاتیكردۆتەوە، بەپێی مادەی (114)ی دەستوری عیراق، بەڕێوەبردنی دەروازە سنورییەكان بە تەنها دەسەڵاتی حكومەتی فیدرال نییە، بەڵكو بە هاوبەشی لەگەڵ هەرێم بەڕێوەدەبرێت، بۆ ئەم مەبەستەش هەمیشە رامانگەیاندوە كە حكومەتی هەرێم ئامادەی هاوكاری و هەماهەنگییە.


وتیشی، هەرچی داخستنی فڕۆكەخانەكانیشە، ئەوە سزادانی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستانە، سزادانی ئەو نەخۆش و پێشمەرگانەیە كە لەكاتی بەرگری لە هەرێمی كوردستان و لەعیراق لەشەڕی دژی داعشدا بریندار بون و پێویستییان بە چارەسەرە لە دەرەوەی وڵات، سەفەركردن لەڕێگەی فڕۆكەخانەكانی بەغدا، یان شارەكانی دیكەی عیراقەوە هێندە ئاسان نییە وەك عەبادی باسی دەكات، هەم تێچوی سەفەر لەسەر هاووڵاتیان زیاد دەكات، هەم كاتێكی زۆریان دەگرێت، پرسیارەكە ئەوەیە بۆچی هاووڵاتییەكی بەغدا، یان نەجەف، یان بەسرە مافی ئەوەی هەیە لە شارەكەی خۆیەوە راستەوخۆ سەفەری دەرەوەی وڵات بكات، بەڵام هاووڵاتییەكی هەرێم ئەو مافەی نییە؟! ئەمە كوێی هاووڵاتیبونە؟!!.


سەفین دزەیی دەربارەی حكومەتی هەرێم و كێشە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستانیش رایگەیاندوە، كاتی ئەوەمان نییە باسی ئەو هەموو كێشەو كەموكوڕیانە بكەین كە هەر لەسەرەتای دەستبەكاربونی كابینەكەی عەبادییەوە بەرۆكی حكومەتەكەی گرتون، ئەمە بابەتی ئێمە نییەو هیچ سودێكیشی بۆ ئەم دۆخە نییە، دەربارەی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش، ئەوە شەرعییەتی لە پەرلەمان و گەلی كوردستان وەرگرتوەو هیچ پێویستییەكی بە شەرعیەتپێدانی خەڵكی دیكە نییە، بە شێوەیەكی یاساییش بە دوو خولی تەشریعی لەگەڵ پەرلەمانی كوردستان بەردەوام دەبێت و دەسەڵاتی تەواوی بەسەر هەموو كایەیەكی هەرێمی كوردستاندا هەیە.


دوپاتیشیكردۆتەوە، هەرێمی كوردستان وەك هەمیشە رایگەیاندوە، راستگۆیانەو بە نیاز پاكییەوە داوای گفتوگۆ بۆ چارەسەركردنی كێشەكان دەكات، بەڵام ئەوەی كە وەڵام ناداتەوەو تەنها لەڕێگەی میدیاو كۆنگرەی رۆژنامەوانییەوە بۆ پروپاگەندە نەك بۆ چارەسەر بەردەوام باسی چارەسەرو لێكگەیشتن و دەستور و هاووڵاتیبون و ئەو دەستەواژانە دەكات، عەبادییە، ئەمەش بەدڵنیاییەوە هیچ خزمەتێك بە دۆخەكە ناكات و نابێتە هۆی چارەسەرێكی جدی بۆ كێشەكان، بەپێچەوانەوە دەبێتە هۆی بەردەوامی ناسەقامگیری.


جێی ئاماژەیە، دوێنێ سێشەممە 5-12، حەیدەر عەبادی لەپرێس كۆنفرانسی هەفتانەی خۆیدا رایگەیاند، قۆناغی یەكەمی وردبینیكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم كۆتاییهاتوەو هەنگاوی یەكەمیش ناردنی موچەی فەرمانبەرانە، بۆ خوێندنەوەی ئەو بەشەی قسەكانی عەبادی كە پەیوەندی بە هەرێمی كوردستانەوە هەیە.
 

















زۆرترین بینراوەکان