لەمانگەدا بەغدا وەك قۆناغی یەكەم بڕە پارەیەك رەوانەی هەرێم دەكات 


نەتەوە  |   17:51:07 2017-12-06  |   (5,086) جار خوێندراوەتەوە

لە بەغداوە بەر لەكۆتایی هاتنی ئەمساڵ وەك قۆناغی یەكەم 800 ملیار دینار رەوانەی هەرێم دەكرێت و چاوەڕوان دەكرێت لەم مانگەدا دەستبەدابەشكردنی بكرێت.
A+    A-

 

نەجیبە نەجیب، پەرلەمانتاری كورد ‌و ئەندامی لیژنەی ئابووری و وەبەرهێنان لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، بە پشتبەستن بە وتەی سەلمان جومەیلی، وەزیری بارزگانی عێراق بە وەكالەت، لە چەند رۆژی داهاتوودا پارەی قەرزی گەنمی جووتیارانی سەرجەم عێراق ‌و هەرێمی كوردستان، هی ساڵەكانی 2014 ‌و2015 ‌و 2016 خەرجدەكرێت.


ناوبراو لەدرێژەی لێدوانەكەی بۆ سایتی روداو ئاشكرایكرد، وەك قۆناخی یەكەم 800 ملیار دینار تەرخانكراوە، پێش تەواوبوونی ئەمساڵیش 800 ملیار دیناری دیكە تەرخاندەكرێت، بەوەش كۆتایی بە قەرزی گەنمی جووتیاران دێت.


لای خۆشیەوە مەسعود حەیدەر، پەرلەمانتاری بزووتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق لەبارەی هەمان بابەت لە فەیسبووك نووسیویەتی: "بڕیاربوو لە مانگی 11 دا شایستەی دارایی جووتیاران خەرجبكرێت، بەڵام چەند رۆژێكە دواكەوتووە، لەبەرئەوەی ئەو گەنمەی لە ساڵانی 2014 و 2015 و 2016 دا بە بەغدا دراوە، گەنمی دەرەوەی تێكەڵكراوە و زۆرتر رادەستكراوە لەوەی ھەرێمی كوردستان بەرھەمی دەهێنێت".


رونیشیكردۆتەوە، "چەند رۆژێكە لە پەیوەندیدام لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتەكانی دارایی و بازرگانی عێراق، بە تەلەفۆن لەگەڵ وەزیری بازرگانی قسەمكرد، لە كۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاردراوە پارەكە خەرجبكرێت و وەزیر دووپاتیكردەوە كە لە چەند رۆژی داھاتوودا دەست بە خەرجكردنی شایستە داراییەكانی جووتیاران دەكرێت".


هێمای بۆ ئەوەشكردووە، "پشكی ھەرێم بۆ رێژەیەكی دیاریكراو بە نرخی حكومی هەژماردەكرێت و ئەو رێژەیەی كە زیادەیە بە نرخی بازار هەژماردەكرێت".


قەرزی گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستان 736 ملیار دینارە، حكومەتی عێراق لە ساڵی 2014 دا 60 ملیار دینار، لە 2015 دا 243 ملیار دینار، لە 2016 دا 386 ملیار دینار ‌و لە 2017 دا 47 ملیار دیناری پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستان قەرزدارە.
 

















زۆرترین بینراوەکان