هەوڵ بۆ چارەسەری مووچەی ئەم کەسانە دەدرێت


نەتەوە  |   12:14:41 2017-12-06  |   (344) جار خوێندراوەتەوە

روونكردنه‌وه‌ له‌باره‌ی چاره‌نووسی موچه‌ی‌ خانه‌نشیانه‌وە دەدرێت بەرپرسێکیش بەڵێندەدات کە بەدواداچوون دەکەن و لە هەوڵی چارەسەری کێشەکەیەندان.
A+    A-


ژماره‌یه‌كی‌ زۆر له پێشمه‌رگه‌ خانه‌نشینكراوەکان کە به‌پله‌ی‌ سه‌ربازیی مووچه‌كانیان خراوه‌ته‌سه‌ر وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌، زوو مووچه‌كانیان لەگەڵ وەزارەتدا وه‌رده‌گرن، به‌ڵام به‌شێكی‌ دیكه‌یان كه‌ زۆرینه‌ن تائێستا نه‌خراونه‌ته‌ سه‌ر ئه‌و وه‌زاره‌ته‌و مووچه‌كانیشیان دواده‌كه‌وێت.

 

لە لێدوانێکدا لەوبارەیەوە جه‌میل هه‌ورامی سه‌رۆكی‌ كۆمه‌ڵه‌ی‌ پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌كان بە ماڵپەڕی تۆڕی هەواڵی سلێمانی- ی راگه‌یاندووە "پێشتر داوایانكردووە ئه‌و پێشمه‌رگانه‌ی‌ خانه‌نشینكراون بخرێنه ‌سه‌ر میلاكی‌ وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌و چاره‌سه‌ری‌ گرفتی مووچه‌كانیان بۆ بكرێت،  بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش چه‌ند جارێك له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌و سه‌رۆكایه‌تی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران و مه‌سعود بارزانیدا "کە ئەوکات سەرۆکی هەرێم بوو" بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ گرفتی ئه‌و پێشمه‌رگانه‌ كۆبوونه‌وه‌یان کردووە.

 

وتیشی‌: "دواتر بڕیاردرا له‌و پێشمه‌رگه‌ خانه‌نشینانە نزیكه‌ی‌ 1400 پێشمه‌رگه‌ی خانه‌نشین راژه‌و مووچه‌یان بخرێته ‌سه‌ر میلاكی‌ هێزەکانی 70، له‌كاتێكدا ژماره‌یه‌كی‌ زۆر پێشمه‌رگه‌ی‌ خانه‌نشین هەن‌ کە نه‌خراونه‌ته ‌سه‌ر ئەو وەزارەتە".

 

ئه‌وه‌شی‌ روونكردۆتەوە، کە داوایانكردوه‌ پێشمه‌رگه‌ خانه‌نشینه‌كان سه‌رجه‌میان بخرێنه‌ سه‌ر میلاكی وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌، به‌ڵام  وه‌كو ئەو دەڵێت: "كه‌س نازانێت لیستی‌ ئه‌و 1400 پێشمه‌رگه‌یه‌ له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌ك دانراوه‌، له‌كاتێكدا سه‌رجه‌میان شایسته‌ن چاره‌سه‌ر بۆ گرفته‌كه‌یان بدۆزرێته‌وه‌".

 

جەمیل هەورامی جه‌ختش دەکاتەوە لە‌وه‌ی‌ کە  هه‌وڵده‌ده‌ن له‌گه‌ڵ سه‌رۆكایه‌تی‌ حكومه‌ت و وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌دا کۆببنەوەو میكانیزمێك بۆ چاره‌سه‌ری‌ گرفتی‌ ئه‌و پێشمه‌رگه‌ خانه‌نشینانه‌ی دیكه‌ش بدۆزنەوە، چونكه‌ وەک ئەو ئاماژەی پێکردووە "ئه‌وانیش شایسته‌ن و ساڵانێكی‌ دورودرێژ به‌رگرییان له ‌خاك و نیشتیمان كردووه‌".

















زۆرترین بینراوەکان