بەغدا پێشنیاری كردووە ئەم گەنجە بكرێتە پارێزگاری كەركوك


نەتەوە  |   21:02:27 2017-12-05  |   (911) جار خوێندراوەتەوە

پێكهاتە شیعەكانی عیراق داوایانكردووە گەنجێك بە حزبەكەی بڵێت ناوی بنێرنە بەغدا بۆ ئەوەی وەك پارێزگاری نوێ كەركوك پەسەند بكرێت.
A+    A-

 

لەوبارەیەوە حاكم سامان سەید عەتار، كادری پێشكەوتووی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەماڵپەڕی خەڵكی راگەیاندوە، لایەنە شیعەكانی بەغدا پێشنیاریان بۆكردووە كە حزبەكەی ناوی بەرزبكاتەوە بۆ بەغدا بۆ ئەوەی ئەوانیش رەزامەندی دەرببڕن و ببێتە پارێزگاری نوێی كەركوك.


ناوبراو وتیشی"شیعەكان پێیان وتم كە ئەوان پرسیاریانكردوم و دەشزانن خەڵكی كەركوكم و حزبەكانی ناو ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك رەزامەندن لەسەر ئەوەی ببمە پارێزگار".


لە مانگی ئەیلولی ئەمساڵدا، پەرلەمانی عێراق لەسەر گەندەڵی متمانەی لە نەجمەدین كەریم، وەك پارێزگاری كەركوك وەرگرتەوە و دوای رووداوەكانی 16 ئۆكتۆبەریش، ڕاكان جبور، جێگری پارێزگار بەشێوەیەكی كاتی كرایە پارێزگاری كەركوك.
دوای 16 ئۆكتۆبەر یەكێتی رزگار عەلی، ئەندامی مەكتەبی سیاسی ئەو حزبەی وەك كاندید بۆ ئەو پۆستە دیاری كرد.


لەو بارەیەوە رزگار عەلی، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایگەیاند، كە ئەو تاكە كاندیدی حزبەكەیەتی بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك، وتیشی"ناكرێت دووكەس كاندید بكرێت لە لایەن یەك حزبەوە بۆ ئەو پۆستە".


جێی باسە سامان سەید عەتار، لە ساڵی 1978 لە كەركووك لەدایكبووە، بڕوانامەی دكتۆرای هەیە لە یاسای گشتی لە زانكۆی قاهیرە، بڕوانامەی دكتۆرای هەیە لە پەیوەندییە دیپلۆماسییەكان لە زانكۆی كامبریج، دادوەری نێودەوڵەتی چارەسەری كێشەكانە لە باشووری ئەفریقا و 22 دەوڵەتی عەرەبی، هەروەها كادری پێشكەوتووی یەكێتییە و تاوەكو ئێستا لە عێراق و هەرێمی كوردستان هیچ پۆستێكی حیزبی و حكومی نەبووە.


 

















زۆرترین بینراوەکان