لەم مانگەدا بەغدا بڕە پارەیەك ڕەوانەی هەرێمی كوردستان دەكات


نەتەوە  |   18:31:33 2017-12-05  |   (4,233) جار خوێندراوەتەوە

لەبەغداوە چەند زانیارییەكی نوێ لەبارەی رەوانەكردنی بڕە پارەیە بۆ هەرێم و شێوازی خەرجكردنی ئاشكرا دەكرێت.
A+    A-

 

نەجیبە نەجیب، ئەندامی لێژنەی ئابووری و وەبەرھێنان لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند: "بڕێك لە پارەی گەنمی جووتیاران خراوەتە سەر حیسابی  وەزارەتی بازرگانیی عێراق و پارەكە ھی ساڵانی ٢٠١٤ و ٢٠١٥ و ٢٠١٦ و ٢٠١٧ی گەنمی جووتیارانە و ئەوەی ماوەتەوە، ئەوەیە وەزیری بازرگانی لەگەڵ سەرۆكوەزیران قسە بكات كەلە ساڵی چەندەوە دەست بە دابەشكردنی پارەكە بكەن، پاشان پارەكە خەرج دەكرێت".


ناوبراو جووتیارانی كوردستانی دڵنیا كردەوە لە ماوەیەكی نزیكدا پارەكانیان وەردەگرن، چونكە دابینكردنی پارەكانیان گەرنتی كراوە.


ڕوونیشیكردەوە: "بڕی ترلیۆنێك و ٧٠٠ ملیار دیناری جووتیارانی عێراق و ھەرێمی كوردستان لای حكوومەتی عێراق ماوە، بەڵام ئێستا زیاتر لە ٨٠٠ ملیار دیناریان تەرخان كردووە و بڕیار دراوە تەوای پارەی گەنمی جووتیاران لەم مانگەدا خەرج بكرێت".


جەختیشیكردەوە، "پارەكە لە وەزارەتی بازرگانیی عێراقەوە دەنێردرێت بۆ وەزارەتی بازرگانیی ھەرێمی كوردستان و دواتریش ڕێوشوێنی دابەشكردنەكەی ڕادەگەیەندرێت".


بەپێی زانیارییەكان پشكی ھەرێمی كوردستان لەو تریلیۆن و ٧٠٠ ملیار دینارە نزیكەی ٧٠٠ ملیار دینارە.


لای خۆشیەوە نەوزاد ئەدھەم، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانیی ھەرێمی كوردستان بەماڵپەڕی (باسنیوز)ی ڕاگەیاندوە، بڕی ٨٢٦ ملیار دینار خراوەتە حیسابی بەڕێوەبەرایەتی گشتی بازرگانی عێراقەوە، بەڵام ڕوون نەبۆتەوە چۆن و بە چ میكانیزمێك پارەكە دابەش دەكرێت".


ئاشكراشی كرد ھەر كاتێك پارەكە بگاتە كوردستان، جووتیارانی لێ ئاگادار دەكەنەوە و بەھەمان میكانیزمی پێشووتر دابەش دەكرێت".
 

















زۆرترین بینراوەکان