حكومەتی هەرێم میكانیزمێكی بەغدا و ئەمریكا رەتدەكاتەوە


نەتەوە  |   16:08:02 2017-12-05  |   (1,328) جار خوێندراوەتەوە

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆنفرانسی رۆژنامەوانیی هەفتانەیدا جەختلەوەدەكاتەوە، پابەندبوون بەدەستوور، ئاشتی بەدوای خۆیدا دێنێت، دووپاتیشیدەكاتەوە، ئامادەین بچینە بەغدا و لەئەوی گفتوگۆ بكەین.  
A+    A-

 

ئەمڕۆ 5ی كانونی یەكەمی 2017 سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆنفرانسی رۆژنامەوانیی هەفتانەیدا رایگەیاند، پشتگیری خۆمان بۆ هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری نوێی سلێمانی رادەگەیەنین، وتیشی "داوا دەكەین رێكخراوە مرۆییەكانی جیهان بەپەلە لێكۆڵینەوە لەو پێشێلكارییانە بكەن كە لە خورماتوو كراون و بەداخەوە نەتەوە یەكگرتووەكان خەمسارد بووە لەوبارەیەوە، هاوكات "داوا لە حكومەتی عێراق دەكەین سەرپێچیكاران لە خوورماتوو بداتە یاسا و بێتە سەر خەت لەوبارەیەوە كە زیاتر لە 100 هەزار كەس لەو ناوچانە ئاوارە بوون".


ئاماژەی بەوەشكرد، "سوپاسی یەكگرتوویی فراكسیۆنە كوردستانییەكان دەكەین كە بە یەكگرتوویی لەئاست بودجەی ساڵی 2018ی عێراق ناڕەزاییان هەبوو و پێكەوە رەتیانكردەوە"، ئەوەش خستەڕوو، "لەگەڵ پەرلەمانی كوردستان و لایەنە سیاسییەكان قسە دەكەین لەبارەی دەستپێشخەرییەكەی سەرۆكی فرەنسا بۆ ئاشتەوایی نێوان هەولێر و بەغدا".


راشیگەیاند "خۆشحاڵ دەبووین لەعێراقەوە سەفەرەكەمان بۆ فرەنسا بكردایە، بەڵام بەداخەوە نەگونجا و سوپاسی توركیا دەكەین كە رێگەیدا لەوێوە سەفەر بكەین".


ئاشكراشی كرد"تائێستا هیچ گفتوگۆیەكی تەكنیكی و سیاسیش لەنێوان ئێمە و بەغدادا نییە و دیسانەوە دووپاتی دەكەینەوە ئامادەین بچینە ئەوێ گفتوگۆ بكەین، ئەوانیش تائێستا ئامادە نین، لای ئێمەشەوە كێشەیەك نییە بۆ ئەو بابەتە".


سەرۆكی حكومەتی هەرێم ئاشكراشی كرد، "لەچەند رۆژی داهاتوودا بۆمان رووندەبێتەوە هەنگاوەكانی دوای كۆبوونەوەكانمان لەگەڵ سەرۆكی فرەنسا چیدەبێت".


جەختیشیكردەوە، "هەر میكانیزمێك بۆ بەڕێوەبردنی ناوچە جێناكۆكەكان لەلایەن ئەمریكا و عێراقەوە بەبێ بوونی هەرێم هەبێت رەتیدەكەینەوە و پێویستە هەرێمی كوردستانیش بەشداربێت لەبەڕێوەبردنی ئەو ناوچانەدا، چونكە گەر وانەبێت، كەموكورتی تێدادەبێت".


ئاشكراشیكرد، ئەگەر بودجەی ساڵی 2018 ی عێراق بەمجۆرەی ئێستا تێپەڕێت، هەر نەبێت باشترە، چونكە دەبێت ئەو بودجەیە رەنگدانەوەی هەموو عێراقییەكانی تێدا جێبكرێتەوە.

 
ئەوەشی خستەڕوو، ئەگەر بمانتوانییایە نەوتی سپی بۆ ماڵان دابین بكەین، ئەوا دەمانكرد، بەڵام لەئێستادا لەدۆخێكی زۆر زەحمەتدا دەژین و ئەگەر بمانتوانییایە نەدەوەستاین و دابینمان دەكرد.


جەختیشیكردەوە، "ئەوەی ئێستا بەغدا لەدژی هەرێمی كوردستان دەیكات، هیچ پەیوەندییەكی بە ریفراندۆمەوە نییە، ئەوان پێیانوایە هەلێكیان بۆ هاتۆتە پێش بۆ تێكدانی قەوارەی سیاسی هەرێمی كوردستان و پێیانوایە داخستنی فڕۆكەخانەكان و نەناردنی بودجە بۆ فشار بەكاردێنن و وا چاوەڕێش ناكەین سەرۆك وەزیرانی عێراق بەوشێوەیە هەڵسوكەوت بكات، چونكە داخستنی فڕۆكەخانەكان زەرەرمەند لێی تەنیا خەڵكی هەرێمی كوردستانە نەك حكومەت".
 

















زۆرترین بینراوەکان