سەرۆكی فەرەنسا پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ عەبادی ئەنجامدا


نەتەوە  |   09:25:51 2017-12-03  |   (359) جار خوێندراوەتەوە

ئیمانوێل ماكرۆن، لەدوای كۆبوونەوەی لەگەڵ شاندی باڵای هەرێمی كوردستان بەسەرۆكایەتیی نێچێرڤان بارزانی لە پاریس، پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی عێراق ئەنجامدا.
A+    A-

 

ئێمانوێل ماكرۆن رۆژی شەممە 2/12/2017 لە كۆشكی ئێلیزێ پێشوازی لە شاندێكی باڵای هەرێمی كوردستان بەسەرۆكایەتیی نێچیرڤان بارزانی كرد و كۆبوونەوەیەكیان ئەنجامدا، دواتر لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەڤاندا ماكرۆن بەڵێنی دا پەیوەندی بە عەبادییەوە بكات و چەند پەیامێكی پێ رابگەیێنێت.


بەپێی راگەیەندراوێكی نووسینگەی حەیدەر عەبادی، سەرۆكی فەرەنسا جارێكی دیكە هەڵویستی نەگۆڕی وڵاتەكەی دووپاتكردووەتە لە یەكێتی و سەلامەتی خاكی عێراق و پشتیوانیكردن لە سەپاندنی دەسەڵاتی ئیتیحادی بەسەر تەواوی خاك و سنووری عێراقدا.


لەبەرامبەردا عەبادی جەختی لەسەر گرنگی یەكخستنی سەرجەم هەوڵەكان كردووەتەوە بۆ وەڵامدانەوەی تەحەدییەكانی بنیاتنان، ئاوەدانكردنەوە، پێداویستی قۆناخی سەركەوتن و رزگاركردن، لەگەڵ ئاستەنگە دارایی و ئابوورییەكان.


هەروەها دووپاتی كردووەتەوە كە دەخوازێت سامانی وڵات بەشێوەیەكی دادپەروەرانە و بەپێی ئیستیحقاقی دەستووری بەسەر رۆڵەكانی گەلی عێراقدا دابەشبكرێت. 


ئەوەش خراوەتەڕوو، هەردوو سەرۆك جەختیان لە پێویستی چارەسەركردنی كێشەكان لەڕێگەی دیالۆگ و پابەندبوون بە دەستوور و یەكێتیی خاكی عێراق كردووەتەوە.


ئەمە لەكاتێكدایە تاوەكو ئێستا كۆشكی ئێلیزێ هیچ راگەیەندراوێكی لەبارەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكە بڵاونەكردووەتەوە.


جێی باسە ماكرۆن لە كۆنگرە رۆژنامەڤانییەكەدا ئاماژەی بەوە كرد، كە لە پەیەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا چەند پەیامێك بە عەبادی دەگەیێنێت، لەوانە: كورد ئامادەیە هاوكاری بكات بۆ چەسپاندنی دەسەڵاتی فیدراڵیی بەپێی دەستوور لە خاڵە سنوورییەكان، هەروەها دەبێت حكومەتێكی گشتگیر لە بەغدا پێكبهێندرێت و رێز لە مافی هەموو پێكهاتەكان بگرێت.
 

















زۆرترین بینراوەکان