نێچیرڤان بارزانی: ئەولەویەتی ئێمە ئەوەیە مووچە دابینبكەین


نەتەوە  |   14:31:54 2017-11-20  |   (8,548) جار خوێندراوەتەوە

سەرۆكی حكومەتی هەرێم لەبارەی بڕیارەكەی دادگای باڵای فیدراڵی عێراقی رایگەیاند، "بڕیاری دادگای فیدراڵی كۆتاییە و هەڵناوەشێتەوە، بەداخەوە ئەوان تاكلایەنە بڕیارەكەیان داوە"، سەبارەت بەموچەی فەرمانبەرانیش جەختلەوەدەكاتەوە، ئەگەرچی‌ قۆناغێكی‌ سەختە، بەڵام بەدڵنیاییەوە تێدەپەڕێت و دۆخی‌ موچەش باشدەبێت.
A+    A-

 

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەڤانیدا لەدوای كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران لەبارەی گشتپرسی وەڵامی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی عێراقی دایەوە و رایگەیاند: "ئەگەر بەغدا و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەیانەوێت عێراق سەقامگیربێت، دەبێت عێراق زۆر جددی و زۆر بە پەرۆش بێت لە جێبەجێكردنی دەستوور، دەستوور بۆ ئێمە یەك پاكێجە و لە ماددەی یەكەمەوە تا كۆتایی دەبێت هەمووی بەیەكەوە جێبەجێبكرێت، ناكرێت تەنیا ئەو ماددانە جێبەجێ بكەن كە خۆیان دەیانەوێت، ئێمە پێمانوایە ئەگەر دەستوور وەكو خۆی جێبەجێبكرێت هیچ كێشەیەك لەم وڵاتە نامێنێت، تەنانەت ئەگەر دەستوور جێبەجێكرابا پێویستی بە ئەنجامدانی گشتپرسیش نەدەكرد".


ناوبراو وتیشی: "بڕیاری دادگای فیدراڵی كۆتاییە و هەڵناوەشێتەوە، بەداخەوە ئەوان تاكلایەنە بڕیارەكەیان داوە".


لەبارەی مووچە و بودجەش ئاشكرایكرد، "ئەولەویەتی ئێمە ئەوەیە مووچە دابینبكەین، ئەوەی پێمانكراوە كردوومانە و لە داهاتووشدا بەپێی داهات دابینی دەكەین، لەگەڵ بەغداش لەبارەی بودجە لەسەر خەتین، بەڵام لە پڕۆژەیاسای بودجە زووڵمێكی زۆر لە خەڵكی هەرێمی كوردستان دەكرێت، زووڵمێكی وا دەكرێت كە تەسەورناكرێت و بەهەموو شێوەیەك زووڵمە، گەڕانەوەی پڕۆژەیاسای بودجەش لە پەرلەمانەوە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران دەرفەتێكە، هیوادارم زووڵمەكە نەهێڵدرێت".

 

نێچیرڤان بارزانی لە وەڵامی ئەو پرسیارەش، كە هەفتەی رابردوو رێزیان لە راڤەی دادگای فیدراڵی گرت بۆ ماددەی یەكەمی دەستوور، ئایا رێز لە بڕیارەكەی ئەمڕۆش دەگرن كە گشتپرسی بە نادەستووری لەقەڵمدا و رایگەیاند دەبێت سەرجەم لێكەوتە و ئەنجامەكانی هەڵبووەشێنەوە، وتی: "مافی كورد لە دەستوور جێگیركراوە، هیچ یاسا و ماددەیەك ناتوانێت تێكیبدات، ئەگەر دەستوور جێبەجێبكرێت هیچ كێشە و گرفتێك لەنێوان هەولێر و بەغدا نامێنێت".


سەرۆكی حكومەتی هەرێم لەوەڵامی ئەو پرسیارەش ئایا هەواڵی خۆش هەیە، رایگەیاند: "راستە قۆناخێكی سەختە، بەڵام بەیەكگرتوویی ئەم قۆناخە سەختە تێدەپەڕێنین، پێویستە وەكو میللەت و وەكو حیزبەكان لەسەر هەندێك پڕەنسیپ رێكبكەوین، راستە قۆناخەكە سەختە، بەڵام دەرفەتێكیشە بۆ بەخۆداچوونەوە، ئەم وڵات و میللەتە هەر دەمێنێت، بەدڵنیاییشەوە بە مافەكانی دەگات و دۆخی‌ موچەش باشدەبێت".
 

















زۆرترین بینراوەکان