گۆڕان و كۆمەڵ نەخشەرێگایەك رادەگەیەنن


نەتەوە  |   16:29:22 2017-10-19  |   (525) جار خوێندراوەتەوە

بزوتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی ڕاگەیەندراوێكی سێ خاڵی بڵاودەكەنەوەو داوادەكەن، حكومەتێكی رزگاری نیشتیمانی دروستبكرێت و ئامادەسازی بۆ هەڵبژاردنێكی گشتی بەچاودێری نەتەوە یەكگرتوەكان بكرێت.
A+    A-

 

ئەمڕۆ پێنج شەممە 19/10/2017 بزوتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان، لەدوای كۆبوونەوە هاوبەشەكەیان، كە لە مەكۆی سەرەكی گۆڕان لە سلێمانی بەڕێوەچوو، راگەیاندراوێكی هاوبەشیان بڵاوكردەوە.


لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، لە كۆبونەوەكەدا جگە لە تاوتوێكردنی ئەگەرەكان، نەخشەرێگایەك بۆ روبەڕوبونەوەی ئەم قەیرانە‌و دەرچون لەم بارودۆخە داڕێژراو پەسەندكرا.


دەقی ڕاگەیەندراوەكە:

بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان

ئەمڕۆ ١٩/١٠/٢٠١٧ كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان‌و بزوتنەوەی گۆڕان بۆ هەڵسەنگاندنی ئەم هەلومەرجە نەخوازراوەی، كە لە ئەنجامی سیاسەتی بەرژەوەندیخوازانەو شكستخواردی دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان و هاوڕاكانیان، بەسەر گەلەكەماندا هاتوە كۆبونەوە. لە كۆبونەوەكەدا جگە لە تاوتوێكردنی ئەگەرەكان، نەخشەرێگایەك بۆ روبەڕوبونەوەی ئەم قەیرانە‌و دەرچون لەم بارودۆخە داڕێژراو پەسەندكرا.

ئێمە لە كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان‌و بزوتنەوەی گۆڕان بە پێویستی دەزانین جەخت لەسەر ئەم خاڵانەی خوارەوە بكەینەوە:

یەكەم: پاراستنی قەوارەی هەرێمی كوردستان‌و داكۆكیكردن لە مافە نەتەوەیی‌و نیشتیمانییەكانی خەڵكی كوردستان، و چارەسەركردنی كێشەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی دەستوری عێراقدا. دژی هەمو هەوڵو نیازێكین بۆ پارچەپارچەكردنی قەوارەی دەستوریی هەرێمی كوردستان‌و گەڕانەوە بۆ دواوە.

دوەم: داوا لە هەمو هێز‌و لایەن‌و كەسایەتییە نیشتیمانپەروەرەكانی كوردستان دەكەین، كە هەمومان بەیەكەوە بەرنامەیەكی گشتگیر دابڕێژین بۆ پاراستنی دەسكەوتەكانی گەلەكەمان‌و دروستكردنی حكومەتێكی رزگاری نیشتیمانی بۆ ئامادەسازی بۆ هەڵبژاردنێكی بێگەردی گشتی بەچاودێری نەتەوە یەكگرتوەكان. هەروەها پشتیوانی خۆمان بۆ راپۆرتی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی رادەگەیەنین لەمەڕ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی گشتی‌و چەسپاندنی پرەنسیپەكانی دیموكراسی لە هەرێمی كوردستان‌و چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم‌و حكومەتی فیدڕاڵی، لەرێگەی گفتوگۆ.

سێیەم: ئیدانەی هەمو ئەو تاوان‌و دەستدرێژی‌و پەلامارانەی هەندێك لە یەكەكانی حەشدی شەعبی دەكەین، كە لەچەند رۆژی رابردو بەرامبەر هاوڵاتیانی دوزو كەركوك‌و شوێنەكانی تر كردویانە‌و سوكایەتییان بە ئاڵای كوردستان كردوە. پێویستە حكومەتی فیدراڵی رێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر بۆ كۆتاییهێنان بەوكارانە‌و تاوانباران رادەستی دادگا بكات و بڕیاری پێویست بدات بۆ ئاساییكردنەوەی باردۆخی دوزخورماتو و گەڕانەوەی ئاوارەكان و قەرەبوكردنەوەیان. نابێت ئەنجامدانی ریفراندۆم لەم كاتەدا بكرێ بە پاساو بۆ جێبەجێكردنی ئەجێندای دوژمنكارانە بەرامبەر گەلەكەمان‌و تۆڵەسەندنەوە لە هاوڵاتییانی كوردستان.

 

بزوتنەوەی گۆڕان                                            كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان

١٩/١٠/٢٠١٧
 

















زۆرترین بینراوەکان